بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی ئەمریکی ئەکسیۆس لە سەر زاری بەرپرسێکی ئاگاداری زایۆنیست و هەروەها چەند سەرچاوەیەکی عیبری، ڕایگەیاندووە کە پێشنیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئازادکردنی سەرجەم ئەو 48 دیلەی ڕژێمی زایۆنیستی و کۆتایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەو ڕژێمە بۆ داگیرکردنی غەززە لەخۆدەگرێت.

ئەو بەرپرسە زایۆنیستە وردەکارییەکانی بەم شێوازە ڕاگەیاندووە:

ڕژێمی زایۆنیستی 2500 تا 3000 دیلی فەڵەستینی ئازاد دەکات کە لە نێو ئەواندا سەدان کەس بە هۆی کوشتنی زایۆنیستەکانەوە بە زیندانی هەتاهەتایی سزا دراون.

دەستبەجێ پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەست، دانوستانەکانی تایبەت بە کۆتایی شەڕ دەست پێدەکات.

ئاگربەست تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە دانوستان دەکرێت.

دانوستانەکانی تایبەت بە کۆتایی شەڕ، لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەبێت.

داوا لە حەماس کراوە متمانە بە لێدوانەکانی ترەمپ بۆ پێویستی کۆتاییهێنان بە شەڕ بکات، بەو پێیەی کە لە پاش گەڕانەوەی دیلە زایۆنیستەکان، تەلئەبیب بە ئەستەم دەتوانێت لە ناوخۆ و دەرەوە شەرعییەتی پێویست بۆ بەردەوامیدان بە شەڕ بە دەست بێنێت.

مەرجەکەی ڕژێمی زایۆنیستی چەکداماڵینی حەماسە.

لە بەرامبەردا حەماس داوای کشانەوەی تەواوەتی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە دەکات.

ئەگەر حەماس وەڵامی ئەرێنیی هەبێت ترەمپ چالاکانە بۆ ڕاگرتنی شەڕ هەوڵ دەدات و ئاگربەست تا کاتی بەردەوامیدان بە دانوستانەکان درێژەی دەبێت./.