بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەم ساڵانەی دواییدا، ئێمە ئەوەندە پەیوەست بووین بە مۆبایلەکانەوە کە بوونەتە بەشێکی جیانەکراوەی ژیانمان، وەک ئەندامێکی بەنرخ کە بەبێ ئەو ژیان ناکرێت.

چێژی خوێندنەوەی کتێب و نووسین لەسەر کاغەزی سپی و سەیرکردنی فیلم لە سینەماکان و چوون بۆ ئاهەنگ لەبیرمان چوو و لە تەنیاییماندا پەنامان بردە بەر مۆبایلەکەمان بۆ ئەوەی ساتێک خەمەکانمان لەبیر بکەین و نەمانزانی چاومان یەکەم قوربانی ئەم تەکنەلۆژیایە.

دوایین هەڵسەنگاندنەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەریدەخەن کە ڕووناکی مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دیکه وەک کۆمپیوتەر و تابلێت و تەلەفزیۆن دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە چاو بۆ ماوەیەکی درێژ. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، تیشکی شین و وەنەوشەیی مەترسیدارن و ژەهراوی دەبن بۆ چاو و بۆ ماوەیەکی درێژ لەوانەیە زیانێکی چاکنەکراو بە چاو بگەیەنن.

ئەم توێژینەوەیە دەریدەخات کە ئەو رووناکییەی لە مۆبایلەوە دەردەچێت درێژی شەپۆلی کورتە و وزەیەکی بەرزی هەیە، بەجۆرێک ڕاستەوخۆ بەر چاو دەکەوێت و بەرکەوتنی درێژخایەن لەگەڵ ئەم جۆرە رووناکییەدا ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکانی چاو زیاد دەکات کە هۆکاری سەرەکین بۆ کوێری.

هەروەها بەکارهێنانی مۆبایل بۆ ماوەیەکی درێژ بە تایبەتی لە شەودا و بەبێ ڕووناکی سروشتی زیانی گەورە بە چاو و مێشک و کۆئەندامی دەمار دەگەیەنێت. توێژینەوەکان لە ژاپۆن دەریدەخەن بەکارهێنانی درێژخایەنی مۆبایل و کۆمپیوتەر بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی نزیکبینی لە نێو منداڵاندا./.