بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شاری لۆس ئەنجلۆس لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاڵۆزییەکی بەخۆوەبینیوە وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا.
خۆپیشاندەران کە بە شێوەیەکی سەرەکی ناڕەزایەتیان دەربڕیوە بەرامبەر بە سیاسەتەکانی حکومەت دژ بە کۆچبەران، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شەقامەکانی شارەکەدا کۆبوونەتەوە و ناڕەزایەتییەکان لە هەندێک شوێنیش گۆڕاوە بۆ توندوتیژی.
حکومەتی فیدراڵی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانیی ڕەوانەی لۆس ئەنجلۆس کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بە بێ هەماهەنگی لە گەڵ دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی کالیفۆڕنیا، کارێک کە گاوین نیوزۆم، پارێزگاری کالیفۆرنیا بە "پێشێلکردنی جددی سەروەری ویلایەتی" وەسفی کرد.
ناڕەزایەتییەکان لە دەرەوەی نائارامی ناوخۆیی
ئەم ناڕەزایەتیانە زیاترن لە نائارامی ناوخۆیی و لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی جەمسەرگیری بەرزدا ڕوودەدەن. داتاکانی سەنتەری توێژینەوەی پیۆ دەریدەخەن کە لە ساڵی 2000 تا 2024 جیاوازی ئایدیۆلۆژی لە نێوان دیمۆکراتەکان و کۆمارییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دابەشبوونی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەم جەمسەرگیرییە لە وەڵامە جیاوازەکاندا بۆ سیاسەتەکانی کۆچبەریدا دیارە.
لە کاتێکدا هەندێک گرووپ، بە تایبەتی داکۆکیکارانی ڕاستڕەو، کۆچبەران وەک هەڕەشەیەکی ئابوری و کەلتووری دەبینن، هەندێکی دیکە ئەم سیاسەتانە بە پێچەوانەی دروشمە درێژخایەنەکانی ئەمریکا بۆ وەرگرتنی هەمەجۆری و دەرفەتی یەکسان دەبینن.
ئەم ڕەوتە هاوکات بووە لە گەڵ گەشەی نایەکسانی ئابوری؛ ڕاپۆرتەکەی ئۆکسفام لە ساڵی 2024 دا دەریدەخات کە 1% ی دەوڵەمەندترین ئەمریکییەکان خاوەنی زیاتر لە 50% سامانی نیشتمانین، لە کاتێکدا چینە گەورەکانی کۆمەڵگا بە کۆچبەرانیشەوە لە گەڵ هەژاری و نائەمنی ئابوریدا دەجەنگن. ئەم نایەکسانییانە تووڕەیی کۆمەڵایەتییان زیاتر کردووە و کۆچبەرانی وەک هۆکاری کێشە ئابورییەکان وێنا کردووە.
کاڵبوونەوەی خەونی ئەمریکی
سیاسەتەکانی ئێستای کۆچبەری دژایەتی گێڕانەوەی مێژوویی "خەونی ئەمریکی" دەکەن. ئەم گێڕانەوەیە کە ئەمریکا وەک خاکێک دەخاتە ڕوو کە هەر کەسێک بتوانێت لە ڕێگەی کاری قورسەوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بۆ دەیان ساڵە ئامرازی سەرەکی دیپلۆماسی گشتی وڵات بووە بۆ ڕاکێشانی کۆچبەران و کاریگەریی کەلتوری لە سەرانسەری جیهاندا. بەڵام سیاسەتەکانی دژە کۆچبەری و نوێنەرایەتیکردنی کۆچبەران وەک هەڕەشە وێنەیەکی جیاواز دەکێشن.
هەر بۆیە ڕاپۆرتێکی گالۆپ لە ساڵی 2024 دا دەریدەخات کە متمانەی جیهانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە 45% لە ساڵی 2016 بۆ کەمتر لە 30% دابەزیوە. ئەم دابەزینە بەشێکی پەیوەندی بە سیاسەتە ناوخۆییەکانەوە هەیە کە لە گەڵ قسەکردنە جیهانییەکانی ئەمریکادا ناتەبایە.
بۆ نموونە کاتێک بە جێگیرکردنی پاسەوانی نیشتمانی وەڵامی ناڕەزایەتییە ئاشتییانەکان دەدرێتەوە، بانگەشەی ئەمریکا کە مۆدێلێکە بۆ دیمۆکراسی و ئازادی دەخرێتە ژێر پرسیارەوە.
نائارامییەکانی لۆس ئەنجلۆس بەشێکە لە شێوازێکی فراوانتری گرژییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا. ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2020 لە سەر کوشتنی جۆرج فلۆید و بزووتنەوەی ژیانی ڕەشپێستەکان گرنگی خۆیی هەبووە کە ڕەگ و ڕیشەی لە نایەکسانی ڕەگەزی و ئابورییەوە هەیە.
سیستەمی ئابوری ئەمریکا کە لە سەر بنەمای کێبڕکێ و کەڵەکەکردنی سامان دامەزراوە، دابەشبوونی کۆمەڵایەتی قووڵتر کردووەتەوە. کۆچبەران کە زۆرجار وەک هێزی کارێکی هەرزان لەم سیستەمەدا دەقۆزرێنەوە، لە کاتی قەیرانی ئابوریدا وەک هۆکاری کێشەکان وێنا دەکرێن. ئەم خولە کە تیایدا گروپە پەراوێزخراوەکان دەبنە قوربانی سیاسەتە پۆپۆلیستیەکان، بووەتە هۆی بێمتمانەیی بە دامودەزگاکانی حکومەت و زیادبوونی گرژییە کۆمەڵایەتییەکان.
دیدگایەک بۆ داهاتووی ئەمریکا
پێدەچێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هۆکارانە، داهاتووی ئەمریکا لە گەڵ زیادبوونی ئاستەنگەکاندا بێت. یەکەم: جەمسەرگیری سیاسی و دابەشبوون لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و ویلایەتەکاندا ڕەنگە ببێتە هۆی لاوازبوونی زیاتری پێکهاتەی فیدراڵیزم.
گرژییەکانی ئێستای نێوان کالیفۆڕنیا و حکومەتی فیدراڵی، لەوانەش هەڕەشەی کەمکردنەوەی بودجە یان ڕاگرتنی باج، دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک بۆ ویلایەتەکانی دیکە و یەکێتی نیشتمانی بخاتە مەترسییەوە. ئەم دۆخە ڕەنگە ببێتە هۆی قەیرانی دامەزراوەیی کە تێیدا ویلایەتەکان و حکومەتی فیدراڵی لە بەرامبەر یەکتردا کۆببنەوە، ئەمەش توانای وڵاتەکە بۆ بەڕێوەبردنی ئاستەنگە ناوخۆییەکان کەمدەکاتەوە.
دووەم: نایەکسانی ئابوری و کۆمەڵایەتی ئەگەری هەیە ببێتە هۆی نائارامی زیاتر. ئەگەر دابەشبوونی چینایەتی بەردەوام لە فراوانبووندا بێت، گرووپە پەراوێزخراوەکان، لەوانەش کۆچبەران، زیاتر دەبنە ئامانجی توڕەیی کۆمەڵایەتی.
ئەم دینامیکییە دەتوانێت ببێتە هۆی سووڕێکی ناڕەزایەتی و سەرکوتکردن کە ناسەقامگیری گەورەتر بکات. لێدوانەکانی مارک ئیسپەر وەزیری بەرگری پێشووی ئەمریکا سەبارەت بە پێشنیاری ترەمپ بۆ تەقەکردن لە خۆپیشاندەران لە ساڵی 2020 دا ئاماژەیە بۆ ئامادەیی ئیدارەی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی هێز، ئەمەش دەتوانێت گرژییەکان بەرەو ئاستێکی بێ وێنە بەرز بکاتەوە.
سێیەم: ڕەنگە پێگەی جیهانی ئەمریکا بە هۆی نەپاراستنی گێڕانەوەی "خەونی ئەمریکی" تێکبچێت. ڕاپۆرتی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ساڵی 2023 دەریدەخات وڵاتانی تازەپێگەیشتو ڕوو لە مۆدێلی بەدیل دەکەن، وەک چین یان یەکێتی ئەورووپا.
کاتێک وێنەی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان یان دەستبەسەرکردنی کۆچبەران لە میدیای جیهانیدا پەخش دەکرێن، دیپلۆماسی گشتی ئەمریکا کە پشت بە بەهاکانی وەک ئازادی و فرەچەشنی دەبەستێت، ڕووبەڕووی تەحەدایەک دەبێتەوە. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزینی کاریگەریی کەلتوری و سیاسی ئەمریکا لە جیهاندا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە وڵاتەکە هەوڵی فراوانکردنی هەژموونی خۆی دەدات.
لە درێژخایەندا، ئەمریکا ڕەنگە ببێتە کۆمەڵگایەک کە تێیدا دابەشبوونە ناوخۆییەکان - چ سیاسی، ئابوری یان کەلتوری - ئەوەندە قووڵ بن کە هەڕەشە لە یەکگرتوویی نەتەوەیی بکەن. ئەگەر حکومەت پەنا بۆ بەکارهێنانی ئامرازە تاکڕەوەکان ببات، وەک یاسای ئاژاوەگێڕی، ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزینی متمانە بە دیمۆکراسی و زیادبوونی بەرخۆدانی مەدەنی.
بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە بە بێ چاکسازی، ئەمریکا ڕووبەڕووی داهاتوویەکی پڕ لە گرژی ناوخۆیی و تەحەدای جیهانی دەبێتەوە./.