بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایانگەیاندووە کە هێرشە ئاسمانییەکەی سێ شەممەی ڕابردوو بۆ سەر دەوحەی قەتەر لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە هیچ سەرکردەیەکی باڵای بزوتنەوەی حەماس بکاتە ئامانج.

بەرپرسێکی ئەمنیی ڕژێمی زایۆنیستی بە ڕۆژنامەی جرۆزاڵم پۆست ی ڕاگەیاندووە کە ئەو تەرمانەی لە شوێنی بۆردومانەکەدا ناسێندراون، پەیوەندییان بە سەرکردە باڵاکانی حەماسەوە نەبووە.

خەمڵاندنە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە ڕەنگە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی حەماس بریندار کرابن، بەڵام دەوترێت ئەوان لە ژوورێکی دیکەدا بوون بۆیە لە کوشتن ڕزگاریان بووە، لە بەر ئەوەی کە هێرشەکە تەنیا بۆ ژوورێکی تایبەت بووە.

کەناڵی 12 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە خەمڵاندنەکانی تەلئەبیب پیشان دەدات هەوڵی تیرۆری سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە شکستی هێناوە.

کەناڵی عیبریی کان بە هەمان شێوە ڕایگەیاندووە کە هێرشەکەی دەوحە نەگەیشتووەتە ئەنجامی چاوەڕوانکراو./.