جام کوردی - بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (ورمێ) ڕایگەیاند ئەم پارێزگایە لە رووی بەرهەمهێنانی هەنگوینەوە لەسەر ئاستی ئێران لە پلەی یەکەمە و پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ زیاتر لە 25 هەزار تۆن هەنگوین بەرهەم بهێندرێ.

 پەرویز بوستانچی، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بۆ کاروباری باشترکردنی بەرهەمەکان، رایگەیاند: "ساڵی رابردوو بڕی هەنگوین لە پارێزگاکە گەیشتە زیاتر لە 23 هەزار و 260 تۆن و بەو جۆرەش لەسەر ئاستی ئێران یەکەم بوو. بۆ ئەم ساڵیش پێشبینی دەکرێ بڕەکەی زیاتر بێت و بگاتە زیاتر لە 25 هەزار تۆن."

 بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 زیاتر لە 30 هەزار تۆن و ساڵی 2023ش زیاتر لە 30 هەزار و 360 تۆن هەنگوین لە لایەن هەنگەوانانی ورمێوە بەرهەم هێندرابوو.

 بە وتەی بوستانچی بەشی زۆری ئەو هەنگوینە لە بازاڕە نێوخۆییەکانی پارێزگا و شارەکانی دیکەی ئێران دەفرۆشرێ و بەشێکیشی هەناردەی دەرەوەی وڵات، بە تایبەت عێراق دەکرێ.

 ئاماژەی بەوەش دا کە زیاتر لە 6 هەزار کەس لە سنووری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا خەریکی کاری هەنگەوانین.