جام کوردی ـــ لە سەروبەندی سەفەری "مەسعوود پزیشکیان" سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ نیۆیۆرک بە مەبەستی بەشداری کردن لە جڤاتی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کارناسان و شرۆڤەکارانی ئێرانی پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ناوبراو لەم دەرفەتە زێڕینە بۆ ئاشکرا کردنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی و پاڵپشتی سەرەکیی ئەو ڕژێمە کە ئەمریکایە، کەڵک وەربگرێت.

ئەم سەفەرە کە بە ئامادەبوونی سەرکردە و ڕێبەرانی جیهان بەڕێوە دەچێت، دەکرێت سەکۆیەکی بێ هاوتا بێت بۆ گەیاندنی دەنگی چەوساوەیی گەلی ئێران بە هەموو جیهان.

پێشنیاری سەرەکی ئەوەیە کە سەرۆک کۆمار لە وتارەکەیدا وردەکارییە ترسناکەکانی هێرشکردنە سەر کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی هێزەکانی ئێران بە زمانێکی ڕوون و بەڵگەدار بگێڕێتەوە.

سەرۆک کۆمار بە ئاشکراکردنی ئەم ڕاستیانە دەتوانێت پیلانگێڕییە شاراوەکان ئاشکرا بکات و جەخت لەوە بکاتەوە کە "هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا وەکوو سەرابێک وایە"، سەرابێک کە گەلانی سەربەست بەرەو کۆتایی و لەناوچوون دەبات.

ئەم هەنگاوە نەک تەنها متمانەی دیپلۆماسی ئێران لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا بەهێز دەکات، بەڵکو پەیامێکی ڕوون دەنێرێت بۆ ئەوانەی کەوا شەیدای ڕۆژئاوان: متمانە بە دوژمنێکی سوێندخواردوو، خیانەتێکی ئاشکرایە لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان.

شارەزایان پێیان وایە وتارێکی لەو شێوەیە دەتوانێت هاوسەنگی بیروڕای گشتی جیهانی بە قازانجی ئێران بگۆڕێت و ئیدانەی  تاوانە ستەمکارییەکان لە دادگای بیروڕای گشتیدا بکات.