جام کوردی – ئێران وێڕای جەخت لەسەر ئامادەیی بۆ ڕێککەوتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی و ئاژانسی ئەتۆمی، هاوکات جەختی لەسەر ئامادەیی بۆ بەرگریی لە بەرانبەر هەر دەستدرێژییەک کردەوە و هۆشداریی ئەوەشی دا کە ئەگەر سناپ باک چالاک بکرێت، ڕێککەوتن لەگەڵ ئاژانسی ئەتۆمی هەڵدەوەشێنێتەوە.

 سەید عەباس عێراقچی کە بەمەبەستی بەشداری کردن لە دانیشتنی کۆڕبەندی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک دایە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەواڵنێران لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەگەری چاوپێکەوتن لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی ئەورووپی و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەو یەکیەتییە سەبارەت بە سناپ باک، وتی: پێشنیاری چاوپێکەوتنی لەم شێوەیە خراوەتە ڕوو و ڕاگۆڕیەنەوە لەگەڵ سێ وڵاتی ئەورووپی ئەندامی بەرجام (ئینگلیز، فەرەنسا و ئەڵمانیا) و هەروەها بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەورووپا لە ئارادایە.

ناوبراو بە ئاماژە کردن بەوەی کە بژاردەی ئێران، گەیشتن بە ڕێگەچارەی ئاشتییانەیە، وتیشی: ئێمە ئەم بابەتەمان بە قسە و هەروەها بە کردار و لەکاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی بەرجام سەلماند. ئێمە پابەندی بەرجام بووین، تاکوو ئەو کاتەی کە ئەمریکییەکان لێی هاتنە دەرەوە.

بەرپرسی دیپلۆماسی دەرەوەی ئێران، دۆخی ئێستای پرسی ئەتۆمی ئێران و بڕیارنامەی ٢٢٣١ ئەنجومەنی ئاسایشی بۆ دەرچوونی ئەمریکا لە ئەم ڕێککەوتننامەیە گەڕاندەوە و ئاشکرای کرد: ئەگەر ئەمریکا لە ئەم ڕێککەوتننامەیە بەجێ نەهێڵایە ئێران سەلماندوویەتی کە بەردەوام چاوی لە دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتیانەیە.

عێراقچی وتی: ئێمە لە ڕاگۆڕیەنەوە لەگەڵ سێ وڵاتی ئەورووپی و ئەو پەیامانەی کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە ئارادایە، جەختمان لەوە کردووەتەوە کە ئامادەین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بەڵام بەو مەرجەی کە بەرژەوەندی خەڵکی ئێران دابین بکات و ڕەچاوی نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێمە بکات.

وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەش کرد:  من لێرە(نیۆیۆرک)ـدام تاکوو لەڕێگەی ڕاگۆڕیەنەوە دیپلۆماتییەکان بگەینە چارەسەرێک. بەپێچەوانەوە ڕێگای خەڵکی ئێران ڕوونە و ئێمە درێژە بە ڕێگای خۆمان دەدەین.

عێراقچی بە ئاماژە کردن بەوەی کە ئێران بەرگەی هەموو گوشارەکان دەگرێت، جەختی لەوە کردەوە؛ ئێمە لەو بڕوایەداین کە بەرژەوەندی ناوچەکە، بەرژەوەندی سیستەمی پەرەپێنەدان و مافە نێودەوڵەتییەکان گەیشتنە بە ڕێگە چارەیەکی دیپلۆماتیک بۆ پرسی ئەتۆمی ئێران و میکانیزمی سناپ باک.

ناوبراو هەروەها وتیشی: لەهەمان کاتدا ئێمە لە دانیشتنی ئەمساڵ جەخت لە ئاشتیانە بوونی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکەینەوە. ئێران لەبنەڕەتدا وڵاتێکی ئاشتیخواز بووە و بەردەوام بەشوێن چارەسەری ئاشتیانەیە. سەرەڕای ئەوەش ئێمە لەکاتی شەڕ و دەستدرێژییەکاندا هەر وەک ئەوەی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا بینیتان بەهێز و بە هەموو توانایەک بەرگری لە خۆمان دەکەین.

هەروەها وتیشی: جووڵەی تێکدەرانەی سێ وڵاتی ئەورووپی ئەگەر دواجار لە ئەنجومەنی ئاسایش جێبەجێ بکرێت، ئێران کاردانەوەی دەبێت و ئێمە دەچینە دۆخێکی نوێ لەگەڵ ئاژانس و ئەگەر میکانیزمی سناپ باک جێبەجێ بکرێت، ڕێککەوتن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، هەڵدەوەشێتەوە و ئێران بەو پێیە وەڵام دەداتەوە.