بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەقی ڕاگەێندراوەکەی وەزارەتی هەواڵگری ئێران لە درێژەدا هاتووە:

بە ناوی خودای گەورە

لە ڕۆژانی پڕ خێر و بەرەکەتی نێوان دوو جەژنی گەورەی قوربان و غەدیر، بە پەیرەوکردنی ڕێبازی ئیمامی خواپەرستان، فەتحکەری خەیبەر، فەرماندەی ئیمانداران، حەزرەتی عەلی کوڕی ئەبی تالیب (هەزار سڵاو و ستایشی لە سەر بێت)، گەلی گەورە و ئێرانی پارێزەری ئیسلامی ئاگادار دەکەینەوە کە ڕۆڵە بێ ناو نیشانەکانی ئەوان لە وەزارەتی هەواڵگری، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگری بێوێنەدا، گورزێکی وێرانکەریان لە ڕژێمی منداڵکوژی زایۆنیستی دا.

ئەم ئۆپەراسیۆنە مێژووییە کە بۆ دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەنامە هەستیار و ستراتیژی و زۆر نهێنییەکانی ڕژێم داڕێژرابوو و لە ژینگەیەکی ئۆپەراسیۆنی دینامیکی و لە ژێر توندترین ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی زایۆنیستەکاندا ئەنجامدرا، لەم دواییانەدا بە گواستنەوەی قەبارەیەکی زۆر لە بەڵگەنامەکان بۆ ناو وڵات بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات و ئێستاش هەموو هێزەکانی ئۆپەراسیۆن بە سەلامەتی لە بارەگاکانی خۆیان جێگیرکراون. بۆیە پوختەیەک لە هەندێک لایەن و دەستکەوتەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە باس دەکرێت:

1 - ئەو بەڵگەنامانەی لە ڕوانگەی ناوەڕۆکەوە بەدەست دەهێنرێن، جگە لە هەمەجۆریی بابەتەکانیان، بەهای ستراتیژی و کردەیی و لێکۆڵینەوە و زانستییان هەیە. زانیاری جۆراوجۆر کە بەشێکیان لە بوارەکانی پەیوەست بە بەرنامەی نایاسایی و شاراوەی چەکی ئەتۆمی، لەوانە دامەزراوە، لێکۆڵینەوە، پەیوەندی لە گەڵ دامەزراوە ئەمریکی و ئەورووپییەکان، لەوانەش بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێستا و داهاتووی ڕژێمی زایۆنیستی. بەشەکانی تریش بریتین لە بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە بەرنامە سەربازی و مووشەکییەکان، بەڵگەنامەی تەکنیکی پەیوەست بە پڕۆژەکان کە دوو بەکارهێنانی زانستی و تەکنیکییان هەیە، ناو، تایبەتمەندی، وێنە و ناونیشانی کۆمەڵێک بەڕێوەبەر و بەرپرس و زانای بەشدار لەو پڕۆژانە.

یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی کە دۆزرایەوە ئەوەیە کە ڕژێمی زایۆنیستی جگە لە هاووڵاتیانی خۆی، لە توێژەرانی خاوەن ڕەگەزنامەی وڵاتانی دیکەش کەڵک وەردەگرێت کە وردەکاری تەواوی ئەوانیش لەبەردەستدایە. ئاشکرایە کە بەشێک لە بەڵگەنامەکان بۆ سەرنجی نەتەوەی سەربەرزی ئێران بڵاودەکرێنەوە و بەشێک لەو دەستکەوتە زانستی و توێژینەوەیانەی بەدەست هاتوون، توانای کەڵک وەرگرتنیان لە وڵاتی خۆشەویستماندا هەیە و دەخرێنە بەردەم دامودەزگا و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان.

قەبارەیەکی بەرچاو لە بەڵگەنامەکان لە لایەن هێزە چەکدارە بەهێزەکانی وڵاتەکەمانەوە بەکاردەهێنرێن و بەشێکیان دەتوانرێت لە گەڵ وڵاتانی دۆست ئاڵوگۆڕ بکرێت یان پێشکەش بە ڕێکخراو و گرووپە دژە زایۆنیستەکان بکرێت.

2- بەڵگەنامەکان بە ڕوونی پیشان دەدەن کە ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپی چۆن ڕۆڵیان لە بەرەوپێشبردنی بەرنامە تاوانکارییەکانی ڕژیمی زایۆنیستی وەک لایەنگر و هاوکار و بەڵێندەر بینیوە و بەردەوامییان هەیە، بەڵام بە درۆ و بە دوو پێوەر کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەنگاونان بە ئاراستەیەکی نائاشتیانە تۆمەتبار دەکەن. ساڵانێکە ڕژێمی بەدناوی زایۆنیستی لە سایەی بێدەنگی و پشتیوانی هێزە باڵادەستەکان، بە جۆرێک لە پەردەپۆشکردنی ئەتۆمی پڕ لە نهێنی، تا کۆتایی ئەو ڕێگایەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن مەترسیدارە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان، ڕۆیشتووە. بەڵام زاڵە دڕندە و خۆبەزلزانەکانی جیهان بە فێڵەوە گەورەترین گوشار بۆ سەر وڵاتەکەمان دەخەنە سەر، لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا بە دوای بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمییە بۆ زیادکردنی تەندرووستی و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی و بە توندی ڕایگەیاندووە کە هەوڵی درووستکردنی چەکی ئەتۆمی نەداوە.

3 - لە سەرنجڕاکێشترین بەڵگەنامەکانی بەدەست هێنراوە، ڕاپۆرتە زۆر و ناڕاستەکانی ڕژێمی تاوانکاریی زایۆنیستی بۆ هەندێ دامودەزگای نێودەوڵەتی "دژی بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی وڵاتەکەمان" هەیە و لەوەش سەرنجڕاکێشتریش ڕەنگدانەوەی هەمان درۆی ئاشکرای ڕژێم لە ڕاپۆرت و بانگەشەی ئەو دامەزراوانەدایە!

4 - شێوازەکانی گەیشتنی سەربازە بێناوەکانی ئیمامی سەردەم (ع) بە بەڵگەنامەکانی ڕژێم و هەروەها شێوازەکانی دوورخستنەوەیان لە خاکە داگیرکراوەکانی فەڵەستین، بە شێوەیەک داڕێژرا و جێبەجێ کرا کە تۆڕە ئەمنییە زۆرەکان و کۆریدۆرە ئاڵۆزەکانی پاراستن بە تەواوی ڕژێمی خۆنمایشکەریان پووچ کرد. گرنگیپێدانی تایبەتی ڕژێم بۆ پاراستنی ئەم جۆرە بەڵگەنامە ستراتیژییانە بووە هۆی جێبەجێکردنی توندترین ڕێوشوێن بۆ پاراستنیان.

بە هەمان شێوە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئەو بەڵگەنامانە دەبوو بە پلانێکی تەواو زیرەک و فرە چین ئەنجام بدرێت. بۆیە ئاڵۆزی ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە باسی لێوە دەکرێت لەدەرەوەی ئاگایی ڕژێم لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی یان توانای داپۆشینی ناکارامەیی ئەمنیەتی و هەواڵگریی خۆی لە ڕێگەی کردەی سەرنجڕاکێشەوەیە؛ وەک چۆن لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە زایۆنیستەکان و لە ڕاستیدا قوربانیکردنی ئەوان، لە هەوڵێکدا بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی وێنە تێکچووەکەی لە چاوی خەڵکدا، کە بێگومان بەرهەمی نەبووە.

ئەوەی ئێستا وەزارەتی هەواڵگری لەبەردەستیدایە، لە دۆخێکدا بەدیهاتووە کە ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی خستنەڕووی وێنەیەکی نەبڕاوەی خۆی دەدات. وێڕای پێداچونەوە بەو وانانەی کە لە شکستەکانی پێشووی هەواڵگری فێربوون و پێیان وابوو کە ڕێگاکانی دزەکردنیان گرتووە، ڕووبەڕووی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی "زریانی ئەقسا"ی تێکۆشەرانی قارەمانی فەڵەستینی بوونەتەوە و کارەساتێکی هەواڵگری-ئەمنی بێهاوتاییان پیشان درا.  ئەوەی ئێستا لە شێوەی ئۆپراسیۆنی وەزارەتی هەواڵگری ئێراندا ڕوویداوە، بێگومان خاڵی وەرچەرخانێکی دیکەیە لە تۆماری هەواڵگری و ئەمنیەتی شەرمەزارکەری ڕژێمی زایۆنیستی و دەستکەوتێکی مێژوویی بێهاوتایە بۆ ئەو بەرەی خۆڕاگرییە کە جارێکی دیکە گاڵتەیان بە ئەفسانەی نەهاتوویی ئەم ڕژێمە کرد.

ئەم ئۆپەراسیۆنە نیشانەیەکی دیکەی ئەوپەڕی خۆبەخشی و پابەندبوونی سەربازە نەناسراوەکانی ئیمامی سەردەمە بە بەڵێنە درێژخایەنەکەیان لە گەڵ گەلی خۆیان بۆ شەڕکردن بە تەواوی دڵ و هەمەلایەنە و ڕووبەڕووبوونەوەی پیشەیی و وردبینانە لە گەڵ دوژمنان. ئەم ڕێبازە بە سەرکردایەتی پارێزەری ژیر و ڕێبەری مەزنمان، حەزرەتی ئیمام خامنەیی (مدظله العالی)، تا دەرکەوتنی پیرۆزی ئیمام (ع)، بە هاوکاری خوای گەورە بەردەوام دەبێت./.