جام کوردی - وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هاوتا فینلەندییەکەی، وێڕای ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ناوەکی، سێ وڵاتی ئەورووپی لەمەڕ لێکەوتەکانی هەر چەشنە خراپ بەکارهێنانێک بەمەبەستی گوشار خستنە سەر ئێران لەڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە، ئاگادار کردەوە.
سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەمەبەستی بەشداری کردن لە دانیشتنی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیۆیۆرکی کردووە، سێ شەممە چاوی کەوت بە ئیلیانا والتۆن وەزیری دەرەوەی فینلەندا.
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و فینلەندا لەم دیدارەدا وێڕای وتووێژ لەسەر بابەتەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئێران و فینلەندا باسیان لەسەر گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت تەوەرەکانی پەیوەست بە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژە کردن بە تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە جینۆسایدی خەڵکی غەززە و بەردەوام پێشێل کردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤ لەڕێگەی دەستدرێژیی و جینایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی دژی وڵاتانی ناوچەکە، جەختی لە بەرپرسیارەتی یاسایی و ئەخلاقی هەموو وڵاتان بەمەبەستی وەستاندنی جینۆساید و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە بەردەوامەکانی ئەو ڕژێمە دژی ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی کردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتریش دیداری لەگەڵ هاوتاکانی لە نەمسا، پۆڵەندا، سوودان، سوید،عەممان، میسر و سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هەبوو و گفتوگۆی لەگەڵ کردبوون.