جام کوردی - خولێکی نوێ لە ڕاگۆڕینەوەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا، ئاڵمانیا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەورووپا لە پەراوێزی کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو.
سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کە بەمەبەستی بەشداری لە دانیشتنی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی سەردانی نیۆیۆرکی کردووە، سێ شەممە ١ی ڕەزبەر لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئینگلیز، ئەڵمانیا و فەرەنسا دیدار و گفتوگۆی کرد.
لەم دانیشتنی هاوبەشەدا کە خاتوو «کایا کالاس» بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەورووپاش تێیدا بەشدار بوو باسیان لە ئەو وتووێژانەی مانگی ڕابردوو کرد کە بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەی دیپلۆماتیک سەبارەت بە بابەتی ناوەکی ئێران و زیاتر نەبوونی ئاڵۆزییەکان ئەنجام درابوون.
وەزیری دەرەوەی ئێران وێڕای ڕوونکردنەوەی هەڵوێستە پرەنسیپیەکان و هەنگاوە کردەییەکانی ئێران لە ماوەی ئەم چەند مانگی دواییەدا بەمەبەستی ڕەوینەوەی هەر چەشنە گومان یان بیانوویەک لەمەڕ بەرنامەی ناوەکی ئێران، هێرشە نایاسایی و جینایەتکارەکان دژی ئێران و خەساردان لە دامەزراوە ناوەکییەکان بە خاڵێکی تاریک و مەترسیدار لە مێژووی پەرەپێنەدان لەقەڵەم دا و بە ئاماژە کردن بە نوێترین هەنگاوی بەرپرسانەی ئێران لە واژۆی لێک تێگەیشتن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بەمەبەستی پابەند بوون بە بەڵێنە پادمانییەکانی ئێران لە دۆخی نوێدا، جەختی لە پێویستی هەنگاوی بەرامبەر و بەرپرسانە لەلایەن لایەنە ئەورووپییەکان لەم بوارەدا کردەوە.
لەم دانیشتنەدا بە لەبەرچاوگرتنی هەنگاوە بێ پاساو و نایاساییەکان لە دەستپێکی پرۆسەی گەڕاندنەوەی سزا لابراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، هەندێک ڕا و پێشنیار بەمەبەستی بەردەوام بوونی دیپلۆماسی خرایەڕوو و بڕیار درا هەمووان بەردەوام بن لە ڕاگۆڕینەوە.