جام کوردی - بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ماوەی ٩ ڕۆژ بە هۆی پێویستی بە خوێندنگەكان بۆ بەكارهێنانی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدانی گشتی، پشوو دەبێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، کۆمسیۆن هەمانگی تەواوی کردووە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بۆ رادەستکردنی باڵەخانەی خوێندنگەكان بەمەبەستی بەکارهێنانیان بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان.
وتیشی" رۆژی ٥ی تشرینی دووەم تا ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، ئەو وادەیەیە کە خوێندنگەكان بۆ پڕِۆسەکە بەکاردەهێنرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ماوە دیاریکراوەدا باڵەخانەی خوێندنگەكان ئامادە دەکرێن لە رووی هونەری و لۆجستییەوە بۆ ئەنجامدانی دەنگدانی تایبەت لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ و دەنگدانی گشتی لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥.
پێشتریش کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو: بەهۆی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بۆ ماوەی ٩ رۆژ دەرگای خوێندنگەكان دادەخرێت و پشووی ناوەندەکانی خوێندن دەبێت، كە لە ٥ بۆ ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دەبێت.