جام کوردی - سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە کردن بەوەی کە زانستی ناوەکی لە ئێران ڕیشەدار و قووڵە، ئاشکرای کرد کە ئەو  دامەزراوە ناوەکییانەی کە لە هێرشە نایاساییەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕژێمی زایۆنی زیانیان بەرکەوتووە، سەرەڕای گوشارە نێودەوڵەتییەکان، نۆژەن دەکرێنەوە.

محەمەد ئیسلامی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز ئاشکرای کرد هەرچەندە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا زیانی بە بەشێک لە دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران گەیاندووە، بەڵام زانست و تەکنەلۆژیای ناوەکی لە وڵاتەدا سەقامگیرە و بە پشت بەستن بە ئیرادەی نیشتمانی نۆژەن دەکرێتەوە.

ناوەڕۆکی تەواوی چاوپێکەوتنەکە بەم شێوەیە:

سکای نیوز: ترەمپ هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر وڵاتەکەی ئێوەی بە سەرکەوتنێکی مەزن وەسف کردووە. هەڵسەنگاندن ئێوە چییە؟

محەمەد ئیسلامی: شتێکی زۆر ئاسایییە کە لە میانەی هێرشێکی سەربازیی بۆسەر دامەزراوەکان، چەند شوێنێک زیانی بەربکەوێت و ژێرخانەکان لەناو بچن. ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە زانست، تەکنەلۆژیا و پیشەسازیی لە ئێراندا بناغەدار و قووڵە.

سکای نیوز: چەندە دەخایێنێت تاکوو سەرلەنوێ بگەڕێنەوە بۆ ئەو پێگەیەی کە بەر لە هێرشەکانی ئەمریکا هەبووتان؟

محەمەد ئیسلامی: ئەوەی کە چەند دەخایێنێت گرنگ نیە. گرنگ ئەوەیە کە ئێمە زانست و توانایمان هەیە و بە ئیرادەی نیشتمانی و بەپێی بەرنامەداڕێژراوە نیشتمانیەکانی خۆمان سەرلەنوێ نۆژەنی دەکەینەوە.

سکای نیوز: بۆچی یۆرانیۆمتان بە ئاستی لەسەدا ٦٠ پیتاند؛ ئاستێکی بەرزتر لە پێویستی وزەی ناوەکی و نزیک لە ئاستی چەکوچۆڵە؟

محەمەد ئیسلامی: بابەتی ڕێژەی پیتاندن کە لە ڕای گشتی و راگەیاندنەکان باسی لێدەکرێت، بەر لە ھەموو شتێک ئامرازێکە بۆ سیاسەتمەدارە سەرکێشەکان و دووژمنانی ئێمە.  بەرزی ئاستی ڕێژەی پیتاندن، مەرج نییە تەنیا بەمانای سەربازی بێت. ئێمە بۆ کەرەستە هەستیارەکان، سیستەمە پێوانەییە ڕێکەکان و سیستەمەکانی سەلامەتی ڕاکتۆرەکانمان، پێویستمان بەم ئاستە هەیە. کەس ئەم کەرەستانە بە ئێمە نادات و ساڵانێکە کە ئێمە گەمارۆ دراوین. کەواتە دەبێ ئێمە خۆمان ئەم کەرەستانە بەرهەم بهێنین تاکوو سەلامەتی ڕاکتۆرەکان و پرۆسە هەستیارەکانی بەڕێوەبردنیان مسۆگەر بکرێت.

سکای نیوز: چ پەیامێکتان هەیە بۆ سەرۆکی ئەمریکا؟ ئایا ئامادەن کە سەرلەنوێ دەست بکەن بە دانوستاندنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا؟

محەمەد ئیسلامی: پێویست بە وتووێژ لەگەڵ ئەوان نیە. حکوومەتی ئەمریکا زوڵم و ستەمی زۆری لە گەلی ئێران کردووە. هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە چەندین زەبری قورسی لە ئێمە داوە و لەم دواییەش چەندین جار دەستدرێژی کردە سەر وڵاتەکەمان. ئەمریکا وڵاتێکی دەستدرێژیکارە کە مافەکانی گەلی ئێرانی پێشێل کردووە و ڕێگەی بە ڕژێمی زایۆنی داوە تاکوو لە ناوچەکەدا بێ تاوان بکوژێت. ئاوەها وڵاتێک جێگای متمانە نیە و وتووێژ کردن لەگەڵ دووژمنێک کە دوژمنایەتی خۆی ئاشكرا کردووە بێ سوودە.

لە میانەی دانووستاندنە ناڕاستەوخۆکاندا دەستیان دایە هێرشی سەربازی. باشی دانووستاندنە ناڕاستەوخۆکان ئەوەیە کە لایەنی سێیەم شایەتی وتووێژەکان و تۆمارکەری مێژووە. ئەمریکا هاتە سەر مێزی دانووستاندن، بەڵام بەجێی هێشت و بەڵێنەکانی لەبیر کرد. حکوومەتی ئەمریکا ناسراوە بەوەی کە پابەندی پەیمانەکانی خۆی نابێت و ئیدی کەس متمانەی پێیان نیە. متمانە تەنیا کاتێک مانای هەیە کە لایەنی بەرامبەر جێگای متمانە بێت، لە حاڵێکدا کە ئەمریکا بەردەوام بەڵێنەکانی پشت گوێ دەخات.

سکای نیوز: ئیسرائیل دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێوەی لەناو بردەوە، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی و بەشێکی زۆر لە هێزی ئاسمانی ئێوەی لەناو بردووە و هەروەها زانا سەرەکییەکانی ئێوەی کردووەتەوە ئامانج. ئێستاش زاڵە بەسەر ئاسمانی ئێوە و ڕەنگە لە هەوڵی ئەوەدا بێت کە ئەم سەرووتر بوونی خۆیە بپارێزێت. ڕای ئێوە چییە؟

محەمەد ئیسلامی: ئایا ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە جیهان دەیەوێت؟ ئایا ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەیەوێت؟ ئەوەی کە ڕوویداوە جینایەت و جینۆسایدی خەڵکی غەززەیە. ئێوە بینیتان کە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان،وڵاتان دەنگیان دا لە دژی ئەم جینۆساید و جینایەتە. ئەم جینایەتانە لە مێژوودا بێ وێنەن. ڕژێمی زایۆنی ڕووی جینایەتکارانی مێژووی مرۆڤایەتیشی سپی کردووە. بەهیچ شێوەیەك لە ڕابردوودا جینۆساید و جینایەتێکی لەم شێوەیە ڕووینەدابوو. نابێت جیهان ڕێگە بەوە بدات کە ئاوەها بوونەوەرێکی ناپاک زاڵ ببێت بەسەری. ئێمە لێرەداین و درێژە بە ڕێگای خۆمان دەدەین.

هاوکارییەکانی ئێران و ئاژانس دوابەدوای هێرشە نایاساییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی بۆسەر دامەزراوە ئاشتیخوازییەکەی ئێران هەڵپەسێردرا. هەر لەم پەیوەندییەدا پەرلەمانی ئێران لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ یاسایەکی پەسند کرد کە بەپێی ئەو یاسایە، حکوومەت ناچار دەکرێت تاکوو ئەو کاتەی ئەو مەرجانەی کە لە ناوەڕۆکی یاساکەدا ئاماژە پێکراوە، بەدی نەهاتوون هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ ئاژانس هەڵپەسێرێت.

دواتر چەندین دانووستاندن لەنێوان هەردوولا سەبارەت بە چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکان ئەنجام درا کە دواجار ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ١٨ی گەلاوێژ سەبارەت بە چۆنیەتی هاوکاری لە دۆخی نوێ، دوابەدوای هێرشە نایاساییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی دژی دامەزراوە ناوەکییە ئاشتیخوازیانەکەی ئێران گەیشتنە لێک تێگەیشتن.