جام کوردی - میدیا عیبرییەکان باسیان لەوە کرد کە بەڵگەیەک لە مووساد کە بەر لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ خرابووە بەردەست حکوومەت دەریدەخست کە بزووتنەوەی حەماس بەنیازی پێکدادانی سەربازی نیە.

کەناڵی ١٢ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنی ڕایگەیاند بەڵگەیەکی نهێنی کە مووساد دوو حەوتوو بەر لە هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ئاراستەی حکوومەتی کردبوو دەرخەری ئەوە بوو کە بزووتنەوەی حەماس بەنیازی پێکدادانی سەربازی نیە.

ئەم داتانە دەرخەری شکستی زانیاریی گەورەی ڕژێمی زایۆنی بەر لە چالاکی ڕەشەبای ئەلئەقسا بوو. پێشبینییەکانی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە حەماس بەدووی سەقامگیری ناوخۆییە لە غەززە و بەنیازی پێکدادانی سەربازی نیە و ئەمەش چەشنە دڵنیاییەکی درۆینەی لەنێو بەرپرسانی سیاسی و ئەمنی درووست کردبوو.

ئەم هەڵەیە بەشێک بوو لە پێشبینییە هەڵەکانی سوپا و دەزگای زانیاری ڕژێمی زایۆنی. یەکێک لەم پێشبینیانە لەبەرچاونەگرتنی ئاگاداریە مەیدانییەکان سەبارەت بە جموجووڵە نائاساییەکانی حەماس لە سنوورەکانی کەرتی غەززە بوو.

ئەم شکستە بووە هۆی شۆکێک لەنێو کۆمەڵگەی ڕژێمی زایۆنی پاش هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەر و دەرگای بەڕووی داواکاری ڕۆژ لەدوای رۆژ زیاتر بۆ پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان.

سەرەڕای گوشاری سیاسی و هەروەها شەقام، بەرپرسانی ئیسرائیل خۆیان لە لێکۆڵینەوەی بەربڵاو سەبارەت بە ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر دەدزنەوە چونکە نیگەرانن لەوەی کە بەرپرسیاریەتی ڕاستەوخۆ بکەوێتە سەر شانی بەرپرسانی باڵا بۆ نموونە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی و ڕێبەرانی سوپا دەزگای زانیاری.

ئەم بابەتە دەرخەری ئاڵۆزی دۆخی ناوخۆیی ناوچە داگیرکراوەکانە. کابینەی ڕژێمی زایۆنی ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسی یەک لە دوای یەک لە ئەگەری بەردەوام بوونی شەڕی غەززە بووەتەوە.