جام کوردی - لە کۆبوونەوەی نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوایین پێشهات و ڕووداوەکانی عیراق و ناوچەکە تاوتوێ کران.
جێبەجێکردنی رێککەوتنی نەوتیی هەرێمی کوردستان و عیراق و لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکان لە بەردەم ئەو ڕێککەوتنەدا خرانە بەر باس. سەرۆکی یەکێتی داوای لە سەرۆکوەزیرانی عیراق کرد ڕێکارەکانی ناردنی مووچە خێراتر بکرێن تاوەکو کاتی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عیراق یەکبخرێت.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی عیراق و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق کرد و جەختیان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی سوپاسی محەمەد شیاع سوودانی کرد بۆ گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی.
خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان لە هەرێمی کوردستان و عیراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عیراق خۆی کوڕی شەهیدە، بۆیە گرنگی تایبەتی بە کەسوکاری شەهیدان داوە و ئەوەش شایەنی پێزانینە.