جام کوردی - بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوون، گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکان لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا پێویستی رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد جەختی لەسەر کرایەوە و داواکرا هەموو لایەک بە بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە بانگەشەیەکی شارستانییانە بەڕێوەببەن و پرۆژە و هەوڵەکانیان لە چوارچێوەی خزمەتکردنی ئامانجە باڵاکاندابێت.

پرسی رێککەوتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و عیراق تاوتوێکرا و جەخت لە پابەندبوونی هەردوولا بە رێککەوتنەکەوە کرایەوە، بەشێوەیەک مافی خەڵک و دابینکردنی مووچە پارێزراوبێت و خەڵک لە ململانێ سیاسییەکان دووربخرێنەوە.