جام کوردی -  یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا لە سەردەمی دەسەڵاتی حکوومەتی کاتی بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، لە حاڵێکدا بەڕێوەچوو کە چۆنیەتی دانانی کورسییەکان، نەبوونی سەرژمێری نیشتمانی و هەروەها هەژموونی ئەکتەرانی دەرەکی، ڕەوایی ڕاستەقینە و ئازادی ئەم هەڵبژاردنەی خستۆتە جێگای پرسیارەوە.

ئیبراهیم فەراهانی لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی ئەنجومەنی ستراتیژی پەیوەندییە دەرەکییەکان، ڕایگەیاند: هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر (٥ی ئۆکتۆبەر) لە هەلومەرجێکدا بەڕێوەچوو کە دۆخی سیاسی و ئەمنی ئەو وڵاتە هێشتا ناسەقامگیرە. لە حاڵێکدا کە حکوومەتە کاتییەکەی ئەحمەد شەرع، بەڵێنی دابوو کە ئەو هەڵبژاردنە، دەسپێکی پرۆسەیەکی نوێ دەبێت بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێ و بنیاتنانەوەی دامودەزگا حکوومییەکان، بەڵام زۆربەی شرۆڤەکاران، ئەو هەڵبژاردنە نەک بە گەڕانەوە بۆ دیموکراسی، بەڵکوو بە هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی حکوومەتی کاتی دەزانن.

بە وتەی فەراهانی، «سووریا لە سەردەمی بەشار ئەسەد، هیچ کاتێک حکوومەتێکی تۆکمە و بەهێزی بەواتا کلاسیکیەکەی نەبوو بەتایبەت لە کاتی قەیرانی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠١١ و لاواز بوونی دەسەڵاتدارییەتی ئەو وڵاتە، حکوومەتی سووریا ببوە حکوومەتێکی لەرزۆک؛ حکوومەتێک کە لە ئەرزی واقیعدا تەنیا زاڵ بوو بەسەر بەشێکی وڵاتدا.»

ئەو پێیوایە: «پاش ڕووخانی حکوومەتی ئەسەد، ئەم دۆخە نەک تەنیا باش نەبوو، بەڵکوو ئاڵۆزتر بوو. بەشێوەیەک کە ئەمڕۆ، حکوومەتی کاتی، هیچ ڕەواییەکی سیاسی و دەسەڵاتی سەربازی پێویستی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و دابینکردنی ئاسایشی ئەو وڵاتەی نیە.» 

پسپۆڕی پرسەكانی ڕۆژئاوای ئاسیا، پرۆسەی هەڵبژاردنە نوێکەی سووریای بەر لەوەی بە هەوڵێک بۆ بەشداری کردنی خەڵک لە گۆڕەپانی سیاسی وڵات بزانێت، بە میکانیزمێک بۆ ڕەوایی دان بە حکوومەتی کاتی وەسف کرد.

ناوبراو بە ئاماژە کردن بەوەی كە هیچ سەرژمێرییەکی ورد لە سووریا ئەنجام نەدراوە، وتی: «سیستەمی هەڵبژاردنی پشت بەستوو بە کۆلێژە هەڵبژاردنەکان، لەڕاستیدا دەرفەت بە بەشداریی گشتی نادات. ئەو لیژنانەی کە بڕیارە دوو لە سێی پەرلەمانتاران هەڵبژێرن، خۆیان لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە دانراون و ئەو یەک لەسەر سێکەش ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەوەوە دەستنیشان دەکرێت.» 

بەبڕوای فەراهانی، پرۆسەیەکی لەم شێوەیە هەر لە بنەڕەتدا، هەڵبژاردن نیە، بەڵکوو دانانێکی ڕێکخراوە بۆ پێکھێنانی پەرلەمانێک کە ڕاسپێراوە بۆ نووسینەوەی دەستوور بەپێی خواستی حکوومەتی کاتی. ئەو جەختی کردەوە: «پەرلەمانی داهاتوو نەک سەمبولی خەڵک سالاری، بەڵکوو  ئامرازێکی سیاسیە بۆ چەسپاندنی پێکهاتەی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع و هاوپەیمانەکانی. ئامانجی یەکەمیشی، ئامادەکردنی بەستێنێکی یاساییە بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتداریەتی ئێستا.» 

فەراهانی هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە «هەلومەرجی گۆڕەپانی سووریا، لەبنەڕەتدا ڕێگە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد نادات؛ نە داتایەکی متمانە پێکراو لەسەر ڕێژەی دانیشتوان لەبەردەستدایە و نە دەتوانرێت سندووقەکانی دەنگدان ببرێتە ئەو ناوچانەی کە گرژی و ئاڵۆزیان تێدایە. تەنانەت ناتوانرێت مەرجەکانی بەشداری کردن دیاری بکرێت. لەم هەلومەرجەدا، بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، پێش ئەوەی کە پرۆسەیەکی دیمۆکراتیک بێت، لە نواندنێکی سیاسی دەچێت.»

هاوسەنگی لەرزۆکی ئەکتەرانی دەرەکی؛ هەڕەشەیەکی بەردەوام لەسەر دیمەشق 

فەراهانی بە ئاماژە کردن بە رۆڵی بەرچاوی ئەکتەرانی دەرەکی لە داهاتووی سیاسی سووریا ڕایگەیاند: «لە ئێستادا، سووریا بووەتەوە گۆڕەپانی ململانێی تورکیا و ڕژێمی ئیسرائیل. لە باکوور، کوردەکان بەهێز بوون و لە باشوور، گرووپەکانی دەرووزی بە پشتیوانی ڕژێمی ئیسرائیل دەسەڵاتیان گرتووەتەوە دەست. بەم شێوەیە، حکوومەتی کاتی سووریا لەنێو ئەم گوشارانەی چەند لایەنەدا، لەڕاستیدا تەنیا لە بەشەکانی ناوەنددا دەسەڵاتی هەیە.»

فەراهانی هەمووانی ئاگادار کردەوە کە «ڕژێمی ئیسرائیل بە سوود وەرگرتن لە بۆشایی دەسەڵات لە دیمەشق، هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ژێرخانە سەربازییەکانی سووریا زیاد کردووە». ناوبراو وتیشی کە «لەم مانگانەی دواییەدا، فڕۆکەخانەکان، کۆگاکانی تەقەمەنی و تەنانەت یەکە ئاسمانییەکانی سووریا، چەندین جار کەوتوونەتە بەر هێرشی ئەو ڕژێمەوە. ئەو هێرشانە نەک تەنیا توانای سەربازی دیمەشقی کەم کردووە، بەڵکوو پەیامێکی ڕوونە لەلایەن تەلئەڤیڤەوە بۆ حکوومەتی دیمەشق بەو واتایەی کە نابێت حکوومەتی نوێی سووریا هێڵە سوورە ئەمینییەکانی ڕژێمی ئیسرائیل ببەزێنێت.»

بە وتەی ئەم پسپۆرە، «هەرچەندە ڕووسیاش بەفەرمی سووریای بەجێهێشتوە، بەڵام هێشتا لە ڕێگای ئامرازە دیپلۆماتیک و ئەمینییەکانەوە، هەژموونی خۆی لە ئەو وڵاتە پاراستووە. مۆسکۆ بەردەوام چەندین بژاردەی لەبەردەستدایە تاکوو لەکاتی پێویست بۆ گوشار خستنە سەر دیمەشق سوودیان لێ وەربگرێت. هەرچەندە گەڕاندنەوەی ئەسەد بۆ دەسەڵات ئەگەرێکی زۆر دوورە؛ بەڵام ڕووسیا دەتوانێت بە هێنانە کایەی ئەم بژاردەیە، حکوومەتەکەی شەرع ناچالاک بکات.»

فەراهانی جەختی کردەوە کە «هەڵبژاردنەکانی سووریا، هەرچەندە لەبواری سەمبولیک یەکەمین ئەزموونی سیاسی پاش ڕووخانی حکوومەتەکەی ئەسەد لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام لەبواری پێکهاتەیی، زیاتر ئامرازێکە بۆ بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات لە چوارچێوەیەکی سنووردار.» ئەم پسپۆڕە وتیشی: «تاکوو ئەو کاتەی کە سووریا لە دۆخی حکوومەتێکی شکست خواردوو قەتار نەبێت، هەڵبژاردن ناتوانێت واتای ڕاستەقینەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە. ئەم دەنگدانە بەتەنیا هەنگاوێکە بۆ دەسپێکردنی دیسیپلینێکی سیاسی نوێ کە هێشتا هیچ ئاسەوارێک لە دیموکراسی تێیدا بەدی ناکرێت.» بەبڕوای ئەو پسپۆڕە،  «داهاتووی سووریا دەگەڕێتەوە بۆ هاوسەنگی هێز لەنێوان ئەکتەرانی دەرەکی، بنیاتنانەوەی دامەزراوە ئەمینییەکان و ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی ناوخۆ.» ئەو وتیشی: «حکوومەتە کاتییەکەی ئەحمەد شەرع لە ئەگەری سەرکەوتوو نەبوون لە بەدیهێنانی یەکپارچەیی نیشتمانی، مەترسی ڕووخانی لەسەرە. ئەوەی کە ئەمڕۆ لە دیمەشق لە ئارادایە، نەک تەنیا کۆتایی قەیرانی سووریا، بەڵکوو دەسپێکی وەرزێکی نوێیە لەم قەیرانە.»