جام کوردی - سێهەمین فێستیڤاڵی ناوچەیی شانۆی سەرشەقامی ئایینی و نەریتی زیویەی سەقز، کە لە ١٦ تا ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤ بە میوانداریی سەقزبەڕێوەچوو، بە ناساندنی بەرهەم و هونەرمەندانی هەڵبژێردراو کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

بەپێی دەنگی لێژنەی داوەران، لە بەشی ڕێوڕەسمی نەریتی، ئارام ساعیدپەنا بە شانۆنامەی "قڕە" لە شاری مەریوانەوە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. لە بەشی دیزاینی جلوبەرگدا، سادق کیانی بە شانۆنامەی "مێهر و مانگ" لە تارانەوە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

لە بەشی نواندنی پیاواندا، پلەی یەکەم بۆ سادق کیانی بۆ شانۆنامەی "مێهر و مانگ" و لە بەشی نواندنی ژناندا، فەریبا مێهرپەروەر بە شانۆنامەی "شالی" لە شاری مەحەلاتەوە وەک باشترین ئەکتەر ناسێندرا. هەروەها زەهرا سادات ئەحمەدی لە دوو بەشی نووسین و دەرهێنان بۆ شانۆنامەی "شالی" لە مەحەلاتەوە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

لە بەشی شەقامدا، ئارمان فەتاحیان خەڵکی سەقز بە شانۆگەریی "تێز" پلەی یەکەمی برۆشۆری بەدەستهێنا. لە بەشی نواندنی پیاواندا، مستەفا کولیوەندی بە شانۆنامەی "مشت و لێدانی بەڕێزانە" لە دێهلوڕان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و لە بەشی نواندنی ژناندا پەرەستو عەلی بە شانۆنامەی "ژێر هێڵی مەرگ" لە شاری بوکان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.هەروەها لە بەشی دەرهێناندا یوسف ئەحمەدی خەڵکی بوکان بە شانۆنامەی "ژێر هێڵی مەرگ" پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و لە بەشی دیزاین و بیرۆکەدا، سوروور ڕەزایی بە شانۆنامەی "تێز" لە سەقز پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

بە پشتبەستن بە بۆچوونی لێژنەی داوەری، شانۆنامەی "شالی" لە شاری مەحەلاتەوە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فەجر هەڵبژێردرا. هەروەها شانۆنامەکانی "قڕە"، "شالی" و "مێهر و مانگ" بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی کەرکووک ناسێنران و شانۆنامەی "پایار" بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی دەربەندیخان ناسێندرا. هەروەها شانۆنامەی "تێز" لە سەقزەوە بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فەجر هەڵبژێردرا و شانۆنامەی "ژێر هێڵی مەرگ" لە بوکان بۆ فێستیڤاڵی نیشتمانیی گەڕەکەکان هەڵبژێردرا.

ئەم فێستیڤاڵە بە ئامانجی پاراستنی ڕێوڕەسمە شانۆییە ڕەسەنەکان و بەهێزکردنی هاودەنگیی کولتووری و دەستنیشانکردنی بەهرە هونەریەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوو و بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن هونەرمەندان و هۆگرانی هونەرە نمایشییەکان پێشوازی لێکرا.