جام کوردی - لە درێژەی هاوکارییە کولتوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، ناوەندێکی ڕاهێنانی زمانی فارسی لە شاری هەولێر کرایەوە. کونسوڵی گشتیی ئێران وتی: ناوەندەکە بە ئامانجی فراوانکردنی ئاڵوگۆڕە زانستی و کەلتوورییەکان و وەڵامدانەوەی داواکاریی توێژەرانی هەرێمی کوردستان دامەزراوە.

فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر بە ڕایگەیاند: ئێمە لە بوارە جیاجیاکاندا خاڵی هاوبەشی زۆرمان هەیە، لەوانە زانست، ئەکادیمی، بازرگانی و گەشتوگوزار، هاوکاتهاتوچۆی لە نێوان گەلەکەمان و خەڵکی هەرێمی کوردستاندا هەیە. ئەم ناوەندە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوولا کراوەتەوە.

هەروەها گوتی: هەر چین و ئاستێک دەتوانن بەشداری بکەن، بەتایبەت خوێندکارانی زانکۆ، ئەوانەی ئارەزووی نووسین و توێژینەوەیان هەیە، سوودێکی زۆری لێ دەبینن، هەمووان دەتوانن بەشداری بکەن و سوودمەند بن.

ئەسعەدی گوتیشی: بەدڵنیاییەوە کەسانێکمان هەڵبژاردووە کە شارەزای هەردوو زمانی کوردی و فارسی بن، هەروەها بەشی زمانی فارسیمان لە زانکۆ جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و لە مامۆستایانی کۆماری ئیسلامی ئێران کەڵک وەر دەگرین.

کونسوڵی گشتیی ئێران زیادی کرد: ئەمە پەیوەستە بە خواستی خەڵک و بەرپرسانی پارێزگایی، ئەگەر داواکاری هەبێت، ئێمە ئامادەین.