جام کوردی - سەعدوڵڵا زارعی، شرۆڤەکاری پرسە نێودەوڵەتیەکان، لە وتووێژی تایبەتی هەواڵی بە لێکدانەوەی ڕەهەندەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕ کردنی دیلەکان لەنێوان ڕژێمی زایۆنی و بزووتنەوەی موقاوەمەی ئیسلامی حەماس، جەختی کردەوە: هەرچەندە بە ڕواڵەت ژمارەی ئەو بڕگانەی کە بە قازانجی فەلەستینە، زۆرترە بەڵام قورسایی و بەهای ئەم بڕگانە یەکسان نیە و پێکهاتەی گشتی پلانەکە بەشێوەیەک داڕژاوە کە لە حاڵەتی پیادەکردنی بەتەواوەتی، موقاوەمەی فەلەستین لە چەک دابماڵێت و کۆنترۆڵی کاروباری مەدەنی بخرێنە ئەستۆی کۆمیتەیەکی بیانی، لە حاڵێکدا کە ئیسرائیل چەک و دەسەڵاتی خۆی دەپارێزێت.

زارعی لە درێژەدا وتی کە پێکهاتەی ئێستای ئاگربەستەکە، دەرئەنجامی خۆڕاگری فەلەستینیەکانە لە گۆڕەپانی شەڕدا و «ئەگەر موقاوەمە لە دۆخێکی لاوازدا بوو، هیچکات ئەمریکی و زایۆنییەکان ئامادە نەدەبوون تەنانەت بە ڕواڵەتیش چەند خاڵێک بە فەلەستینیەکان بدەن.

ناوبراو بە هەڵسەنگاندنی کارنامەی دۆناڵد ترەمپ و گۆڕانکاریە واقیعیەکان لە غەززەدا وتی: درووشم و وێنە پڕووپاگەندەییەکانی ترەمپ سەبارەت بە «پیاوی ئاشتی» بوون، لەگەڵ ڕاستی ڕووداوەکان و بەرفراوان بوونی پێکدادانەکان لە ناوچەکە یەک ناگرنەوە.

ناوبراو ئاشکرای کرد: لەو کاتەوەی کە ترەمپ دەست بەکار بووە، پێکدادانەکان لە ئاستی ناوچەکە و هەروەها نێودەوڵەتیدا زیادیان کردووە و کارنامەی ئەو، کارنامەی ئاشتی نیە بەڵکوو دەستپێکردنەوەی شەڕە.

زارعی بە ئاماژە کردن بەوەی کە پلانە ٢٠ ماددەیەکی ترەمپ و پڕوپاگەندە هەڵبژاردنەیەکانی ئەو زیاتر لایەنی نواندنی بۆ ڕای گشتی هەیە، وتی: ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە ئیسرائیل و ئەمریکا لە شەڕی غەززەدا گەیشتوونەتە بنبەست و ئەم بنبەستە، لایەنە ڕۆژئاوای و تەلئەڤیڤیەکانی ناچار بە قبووڵ کردنی دانووستاندن لەگەڵ حەماس کردووە.

ئەم شرۆڤەکارە وتیشی کە پاشەکشەی خێرای ئیسرائیل لە هێڵی شین بۆ هێڵی زەرد و ئازاد کردنی بەربڵاوی دیلەکان ئاماژەیە بۆ ئەم بنبەستە.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە فەرماندە سەربازییەکانی ئیسرائیل چەندین جار هۆشداریان بە نەتانیاهۆ داوە کە «لە غەززەدا لەڕێگەی شەڕەوە سەرکەوتن بەدەست نایەت و دەبێت دانووستاندن بکرێت.» 

ئەم شرۆڤەکاری پرسە نێودەوڵەتیەکان سەبارەت بە دۆخی غەززە لە داهاتوودا وتی: بە لەبەرچاوگرتنی شکستی ئیسرائیل لە گۆڕەپانەکەدا و هەروەها بە ناڕاستەوخۆ قبووڵ کردنی ئەم شکستە، چاوەڕوان ناکرێت کە شەڕێک بەتووندی ئەوەی ڕوویدا دووبارە ڕووبدات.

ناوبراو بە ئاماژە کردن بە گۆڕانکارییە نوێکان لە پلانەکەی ترەمپ و بڕیاری حەماس بۆ دانانی فەرماندە سەربازییەکان وەکوو بەرپرسانی چوار ناوچەی ئازادکراو لە غەززەدا وتی: ئەم داننانە پەیامێکی ڕوونی هەیە؛ فەرماندەکانی یەکەکانی موقاوەمە ئێستا قایمقامی ناوچە ئازاد کراوەکان. ئەمەش بەواتای ئەوەیە کە حەماس نەک نەسڕاوەتەوە، بەڵکوو دەسەڵاتی خۆی گواستووەتەوە بۆ پێکهاتەی ئیدارەی غەززە. ئیسرائیلیش ناچار بووە چاوی لەسەر ئەم راستیە بنوقێنێت.

زارعی وتیشی: دۆخەکە ئێستا بەڕوونی لە بەرژەوەندی فەلەستینیەکاندایە. ئەوان ناوچە داگیرکراوەکانیان وەرگرتووەتەوە، دوو هەزار دیلی خۆیانیان ئازاد کردووە کە ٢٥٠ کەسیان بە بەند کردنی هەتا هەتایی سزا درابوون و زۆربەیان لە فەرماندەکانی موقاوەمە بوون. تەنانەت ئەگەر قۆناغی دووەم و سێیەمیش هیچ کاتێک جێبەجێ نەکرێت، ئەم دەستکەوتانە سەرکەوتنێکی مەزنن بۆ موقاوەمە.

ناوبراو وتیشی: حەماس توانیویەتی پاش دوو ساڵ شەڕ، سەرلەنوێ هێزەکانی لە ژێرزەوی بگەڕێنەتەوە بۆ سەر زەوی و دەست بگرێت بەسەر چەند بەشێکی غەززەدا؛ بەبێ ئەوەی بێتە نێو پرۆسەی چەک داماڵین یان کۆنترۆڵی دەرەکی. ئەمەش بەواتای شکستی بەتەواوەتی ئامانجەکانی ئیسرائیل و ئەمریکایە لەم شەڕەدا.

زارعی لە بەشێکی دیکەی وتەکانی سەبارەت بە دانیشتنی ئەو ٢٢ وڵاتەی کە لەم دواییەدا بە تەوەری ئاگربەست لە غەززە بەڕێوەچوو وتی: « پێکهاتەی بەشداربووان دەریدەخست کە نەک فەلەستینیەکان و نەک ئیسرائیلیەکان تێیدا بەشدار نەبوون و زۆرتر وڵاتە عەرەبی و ڕۆژئاواییەکان لەم دانیشتنەدا کۆ ببوونەوە؛ وڵاتانێک کە زۆر جار سەلماندوویانە کە هیچ پەرۆشیەکیان بۆ ئامانجەکانی فەلەستین نیە. کۆبوونەوەیەکی لەم شێوەیە کە بەبێ بەشداری گەلی فەلەستین بەڕێوە دەچێت، هیچ لۆژیک و ڕەواییەکی نیە و شتێکی سرووشتی بوو کە ئێران بەشداری تێدا نەکات.»

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بە وتە نوێکانی ترەمپ سەبارەت بە «ئاشتی لەگەڵ ئێران» کرد وتی: «دەکرێت ئەم وتانەش جۆرێک لە چالاکی فریوو بێت و هەروەها نواندنێکی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی. ترەمپ هەمان ئەو کەسەیە کە دەیەوێت بە پیاوی ئاشتی بناسنرێت، لەکاتێکدا کە کارنامەکەی لە ئۆکرانیا بگرە تاکوو غەززە، پڕە لە شەڕ و قەیران.»