چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی راگەیاند: ھەڵمەتی بانگەشەی ئارام و ھێمن کە بەدەستپێشخەریی و پابەندێتی یەکێتی و خودی ( بافل جەلال تاڵەبانی) سەرۆکی یەکێتی بەڕێوەدەچێت، ھاوڵاتییانی دڵخۆش کردووە، ھاوکات ستایشی یەکێتی دەکەن کە دۆخێکی دەروونی گونجاوو کەشێکی لەباری بۆ ھاووڵاتیان رەخساندووە.
ئەو ژنە پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ماوەکانی رابردوودا، چەندین جار سەردانی بەغدای کردووەو ھەوڵیداوە چارەسەری بنەڕەتییانەی بۆ کێشەی مووچە لە نێوان ھەرێم و بەغدا، بەڵام بەداخەوە ھەندێک لایەنی سیاسی بە بەکارھێنانی زمانی ھەڕەشە و زبر ئەو ھەنگاوانەیان تێکداوە،
وتیشی: ئێستاش لەسەروبەندی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن، سەرەڕای ئەوەی یەکێتی پارێزگاریی لە ئارامی و دۆخی ھێمن دەکاتەوە، ھاوکات زمانێکی دیپلۆماسیانە لەبەرامبەر بەغدا بەکاردەھێنێت، ئەمەش جارێکی دیکە بووەتە جێگای دڵخۆشی و دەستخۆشی ھاوڵاتیان.
لە کۆتاییدا ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بانگەشەی ھەڵبژاردن کاتێکی دیاریکراوە، ھەموو حزبێک مافی خۆیەتی بانگەشە بکات، بەڵام نابێت بانگەشەکانی بگاتە ڕادەیەک کە کاریگەری ھەبێت لەسەر ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و عێراق، کە دواجار ھاوڵاتیان باجەکەی بدەن،
بۆیە پێویستە حزبەکان وەک یەکێتی ھەوڵی ھێورکردنەوەی بارودۆخەکە بدەن و زمانی توند بەرامبەر بە بەغدا رابگرن.