پێنجشەممەی کۆتایی ھەفتە، وەزارەتی بازرگانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوەو تێیدا ھاتوە: ٤١ ھەزار و ٣٨٩ تۆن برنجی تایلەندی لە ڕێگەی کەشتییەکەوە گەشتوەتە بەندەری ئوم قەسر، بڕیار وایە دواتر لە رێگای بریکارەکانەوە لەگەڵ سەبەتەی خۆراکی مانگانەدا بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەشی بکەن.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردوە: تیمەکانی پشکنینی تاقیگە لە بەندەری ئوم قەسر دەستیان کردووە بە وەرگرتنی سامپڵ لە برنجەکە بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەشی کۆنتڕۆڵی جۆری، بۆ ئەوەی بخرێتە ژێر پشکنینی فیزیایی و دواتر ڕەوانەی تاقیگەی ناوەندی بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێویستی کیمیایی و بایۆلۆجی و پاشان لە کوالێتیەکەی دڵنیاببنەوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بازرگانیدا ئاماژە بەوەشکراوە: کە پڕۆسەی دابەشکردنەکە بەپێی پلانێکی بەبازاڕکردن ئەنجام دەدرێت، کە لەلایەن بەشی مارکێتینگی کۆمپانیاکەوە ئامادەکراوە، دڵنیایشیانداوە لەوەی برنجە تایلاندییەکە دەگاتە دەستی ھاوڵاتیان وەک بەشێک لە سەبەتەی خۆراک.