فەرزاد پیلتەن، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ئێران، ئاسۆی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراقی بە ئەرێنی و سەقامگیر هەڵسەنگاند و وتی: پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق پەیوەندییەکی تەواو نەریتی و ڕەگداکوتاوە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دروست بووە و وردە وردە قووڵتر و فراوانتر بووە.
ناوبراو وتیشی: هەردوو وڵات سنووری هاوبەشی درێژ و دەروازەی زەمینی زۆریان هەیە و لێکچوونە کولتووری و نەتەوەیی و زمانەوانییەکانی نێوان بەشەکانی ئێران و ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای عێراق ڕێگەی بۆ پەیوەندیی نزیکتر و کارلەیەککرنی ئابووریی فراوانتر خۆش کردووە.
پیلتن جەختی لەوە کردەوە: ئەم پەیوەندییە قووڵە مێژوویی و کۆمەڵایەتیانە وایکردووە کە بازرگانی نێوان هەردوو وڵات خۆڕاگر بێت بەرامبەر بە ئاستەنگە سیاسییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و تووشی پەککەوتنی جددی نەبن.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی لە درێژەی قسەکانیدا، بە ئاماژەدان بە دوایین ئاماری ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات وتی: لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، بە شێوەیەکی وردتر لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤دا، نزیکەی ٣.٧٥ ملیار دۆلار هەناردە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ عێراق کراوە.
ناوبراو وتیشی: بەداخەوە ئەم ڕێژەیە نیشاندەری دابەزینی نزیکەی لەسەدا ١٨ لە بەها و لە سەدا ١٧ لە کێشدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، زۆرینەی ئەم کەمبوونەوەیە پەیوەندی بە کەمبوونەوەی هەناردەی غازی ئێرانەوە هەیە بۆ عێراق.
پیلتەن جەختی لەوە کردەوە: لە کەرتی هەناردەکردنی نانەوتیدا، هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ئەدای بازرگانی ئێران لەگەڵ عێراقدا بەدی ناکرێ و ئاستی ئاڵوگۆڕەکان لەم بوارەدا بە جێگیری ماوەتەوە.
بە وتەی ناوبراو، پێویستیی هاوبەشی هەردوو وڵات بۆ درێژەدان بە هاوکارییە ئابوورییەکان، کوالێتی و نرخی گونجاوی بەرهەمە ئێرانییەکان لە بازاڕی عێراق و گونجانی ئەم بەرهەمانە لەگەڵ سەلیقەی بەکاربەرانی عێراقی لەو هۆکارانەن کە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق دەپارێزن و بەهێزتری دەکەن.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ڕایگەیاند: سەرەڕای بارودۆخی سیاسی ئێستا، پێشبینی ناکرێت پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات ڕووبەڕووی ئاستەنگیی جددی ببنەوە و ئاسۆی هاریکاری ئابووریش هەر گەشاوە و سەقامگیرە.