ناوەندی لێکۆڵینەوەی بەریتانی چاتام هاوس لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا هۆشداری دەدات کە بەبێ ئامادەکردنی ستراتیژێکی گشتگیرتر بەرامبەر بە ئێران کە ئاوێتەکراوێک لە ڕێگری و دیپلۆماسی و هاوکاری ناوچەیی بێت، هەر جۆرە ئاشتییەک لە غەززە و دەرەوەی غەززە ناسەقامگیر و سست دەبێت.

چاتام هاوس لەم شیکارییەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ترەمپ بە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پلانە ٢٠ خاڵییەکەی خۆی، توانیویەتی ئاگربەستێکی کاتی لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا پێکبهێنێت. ئەم کارە لەبواری دیپلۆماسییەوە بە وەرچەرخانێک دادەنرێت بۆ کۆشکی سپی و بەگوێرەی نووسەرانی ڕاپۆرتەکە، «توانای ترەمپ بۆ گرنگیدان بە قەیرانی غەززە و ڕازیکردنی هەردوولا بۆ وەستاندنی شەڕەکان، هۆکارێکی یەکلاکەرەوە بووە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی دەستبەجێ.»

ئەم سەرکەوتنە تەنها بەشێکە لە ئاراستەکە. پرسەکانی وەک حوکمڕانی دوای جەنگ لە غەززە، داماڵینی چەک لە گروپەکانی موقاوەمە و پرۆسەی بەدەوڵەتبوونی فەلەستین بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە. چاتام هاوس پێیوایە ئەگەر ئەمریکا پلانی بۆ ئەم کێشمەکێشانە نەبێت، ئەوا ئەو ڕێککەوتنەی کە ئێستا لە ئارادایە بەخێرایی هەرەس دەهێنێت. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: «بەردەوامی ئاشتی پەیوەستە بە فراوانکردنی دیپلۆماسیەتی ئەمریکا لە دەرەوەی ئاستی تاکتیکی و تێپەڕاندنی لە گرنگیدان بە تەنیا لەسەر ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین.»

سیاسەتی دژبەیەکەکانی واشنتۆن بەرامبەر بە ئێران 

سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر بە ئێران هێشتا لە ناڕوونی و چەندین ئامانجدا گرفتارە. واشنتۆن هێشتا ڕوونی نەکردووەتەوە کە ئایا ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە، یان گۆڕینی ڕەفتارەکانی لە ناوچەکەدا، یان تەنانەت گۆڕینی سیستەمی سیاسی؛ ئەم سەرلێشێواوییە سیگناڵی دژبەیەکیان ناردووە و بەپێی ڕاپۆرتەکە «سوڕێکی ناسەقامگیری بە بەردەوامی دەهێڵێتەوە.»

لە لایەکی دیکەوە، بڕیاری ترۆیکای ئەورووپی (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێرانی زیاتر گۆشەگیر کردووە و متمانەی نێوان تاران و ڕۆژئاوای لاواز کردووە. چاتام هاوس هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە ڕەتکردنەوەی گفتوگۆی ڕاستەقینە لەگەڵ ئێران، ئەوا ئەگەری گەیشتن بە ئاشتی هەرێمی بەشێوەیەکی جددی کەم دەبێتەوە. ئەگەر دۆخی ئێستا بەردەوام بێت، ئێران هەنگاو دەنێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ڕێگری سەربازی و بەرنامە ئەتۆمییەکەی. بەپێی ڕاپۆرتەکە، تاران بەرگری ئاسمانی خۆی بەهێزتر دەکات و پەیوەندییە ناوچەییەکان نوێ دەکاتەوە بۆ ئەوەی خۆی بۆ هەر ئەگەرێکی ڕووبەڕووبوونەوە ئامادە بکات.

پێویستی بەپەلەی ستراتیژێکی هەمەلایەنەتر لەمەڕ ئێران

لە بەشی کۆتاییدا، چاتام هاوس هێڵە گشتییەکانی ستراتیژییەکی بەدیل دەخاتە ڕوو. بە بۆچوونی نووسەران، واشنتۆن دەبێت هاوسەنگی لە نێوان ڕێگری سەربازی لەگەڵ دیپلۆماسییەکی باوەڕپێکراودا هەبێت. ئەو هزرگەیە پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئەمریکا  تاڕادەیەک بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران سنووردار بکات بەڵام لە بەرامبەردا چەندەها هاندانێکی ئابووری ڕاستەقینە پێشکەش بکات. هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ ئەورووپا و بەریتانیا زۆر گرنگە بۆ تێکەڵکردنی گوشاری سزاکان لەگەڵ پێشنیارەکانی هاوکاری.

لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆڵی ناوبژیوانانی هەرێمیش وەک سعوودیە بەرچاو دەکەوێت. ڕیاز دەتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیری لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران و دروستکردنی گەرەنتی ئاسایشی ناوچەکە بگێڕێت. دواین ئامانجی ئەم هەوڵانە دەبێ پێشگرتن بە ململانێی ڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل بێت؛ چوونکە شەڕێکی لەو شێوەیە دەتوانێت تەواوی پرۆسەی ئاگربەست لە غەززە لەناو ببات و ناسەقامگیری ناوچەکە هەڵگیرسێنێت.

هەر پرۆسەیەکی دیپلۆماسی کاریگەر، دەبێت لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە دەستوەرنەدان و دەستدرێژی نەکردن لە نێوان ئەکتەرە ناوچەییەکان بێت بۆ ڕێگریکردن لە شەڕی بە وەکالەت و دووبارە بوونەوەی توندوتیژی. ئاگربەستی غەززە لە کاتێکدا کە خاڵێکی گەشاوەیە لە کارنامەی ترەمپدا، بەڵام بەبێ چوارچێوەیەکی گشتگیر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران ناتوانێت بەردەوام بێت. بەڕێوەبردنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران بەبێ ڕێبازی دیپلۆماسی، تەنیا ڕێگەچارەیەکی کاتییە، نەک ستراتیژییەکی بەردەوام. ئەگەر کۆشکی سپی بیەوێت دیسیپلینێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بنیات بنێت، دەبێت ئێران نەک بەتەنیا بە هەڕەشە بەڵکو وەک یاریزانێکی سەرەکی لە داڕشتنی ئاسایشی ناوچەکەدا بەفەرمیی بناسێت. تەنها ئەو کاتە ئاشتی سستی غەززە دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک بۆ سەقامگیری درێژخایەن.