بە گوێرەی راپۆرتی ڕێکخراوی دابین بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، دەنگدان مافێکی سروشتی و یاساییە، بە هیچ بیانوویەک نابێت فشار لە هیچ کەسێک بکرێت، بۆ دەنگدان بە لیست، یان کاندیدێکى دیاریکراو، 

رێکخراوەکە ئاشکراشی کردووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چاودێری کۆمەڵێک سەرپێچی و کردەوەی نایاسایی کراوە، لەوانە: هەندێک کۆمپانیای کەرتی تایبەت داوایان کردووە کرێکارەکانیان کارتی دەنگدەر ڕادەست بکەن، یان فشاریان لێدەکەن، بۆ دەنگدان بە هەندێک لیست، یان بەشدارى بکەن لە گردبوونەوەی هەڵبژاردن و باگەشەکردندا.

هاوکات رێکخراوەکە داواى لە وەزارەتى کار کردووە، کە رێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەن کۆمپانیاکان، یان ئەو لایەنانە بگرنەبەر، کە فشار دەخەنە سەر کرێکاران یان فەرمانبەران سەبارەت بە پرۆسەی دەنگدان.

هەروەها داوای لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردووە، بە تەواوی پابەندی جێبەجێکردنی یاساکان بن بۆ دابینکردنی کەشێکی هەڵبژاردنی ئازاد و پارێزراو بۆ هەموو دەنگدەران.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ڕێکخراوی دابین بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەڵێت:  هەموو جۆرە فشارێکی ماددی یان ئەخلاقی بۆ سەر دەنگدەران تاوانە، هەر بۆیە دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەکان و خاوەنکارەکان پابەندی یاساکان بن،  وە ڕێز لە ئازادی هاووڵاتیان بگرن بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان ئارەزوومەندانە بێ.