رۆژنامەنوس "نەسیر ئەلعەوام" پێشكەشەكارە لە كەناڵی "سامراء" لەزاری یەكێك لە سەركردە دیارەكانی پرۆسەی سیاسیەوە كە سەر بە (هەڵۆكان) وەسفیدەكات، ئاشكرایكردووە: واشنتۆن هەندێك لە سەركردەكانی عێراقی ئاگادار كردووەتەوە، ئەوانەی خواستیان هەیە مامەڵەی لەگەڵ بكەن، هەر یەک لە كورد و سوننەو شیعە، کە بە هیچ شێوەیەک نزیك نەبنەوە لە حەوت بۆ هەشت پۆستی گرنگ لە حكومەتی داهاتوودا، چونکە ئەوپۆستانە تەنها لە نێوان ئەمریكاو عێراق یەكلایی دەكرێنەوەو كەسى تر نابێ دەستوەردانی تیادا بکات، پۆستەکانیش بريتن لە:
سەرۆكی كۆمار، سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، وەزارەتەكانی ناوخۆو بەرگری و نەوت و دارایی و بانكی ناوەندیی.
ئاماژەی بەوەش داوە، ئەمریكا وەك چاودێری پرۆسەی سیاسی لە عێراق لە پلانیدایە، بە هیچ شێوەیەک رێگەنەدا هیچ لایەنێكی دەرەكی دەستوەردان لەو پۆستانەدا بكات.
ئەو رۆژنامەنوسە لەزاری ئەو بەرپرسە عێراقیەوە ئەوەشی وتووە: رەنگە ئەمریکا بەرەو یەكلاكردنەوەی دۆسییەی بەرپرسە گەندەڵەكانیش هەنگاوبنێت، بۆ ئەوەش رەنگە واشنتۆن لەڕێی مارك ساڤا نوێنەری تڕامپ لە عێراق، پێیان بڵێت: وەك چۆن ئێوە رێژەی لە 20% ی پرۆژەكان بۆخۆتان دەبەن، لە 20%ی ئەوەی هەتانەو کۆتان کردووەتەوە بیبەن و ئەوەی تری رادەست بكەن و بڕۆن بەڕێی خۆتانەوە.