قەرزی نیشتمانیی جیهانی بە خێراییەکی بێ وێنە لە مێژووی ئەم سەردەمەدا زیاد دەکات و ئەمجارەش تەنیا ئەو وڵاتانە نابن کە لەڕووی مێژووییەوە خەرجییەکی زۆریان هەیە.
دوایین ڕاپۆرتی «چاودێری دارایی»ی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداری داوە لەوەی دۆخی دارایی زلهێزەکان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆتە مەترسییەکی سیستماتیکی لەسەر ئاستی جیهانی.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: هەرچەندە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا ژمارەی ئەو وڵاتانەی قەرزەکانیان لە سەرووی سەدا سەد لە بەرهەمی ناوخۆییەوەیە، وردە وردە کەم دەبێتەوە، بەڵام پێدەچێت پشکی ئەوان لە بەرهەمی ناوخۆیی جیهانیدا زیاد بکات.
بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوەیە، ئەمە بەو مانایەیە کە قەرزی حکومەتەکانی جیهان تا ساڵی 2029 بە ڕێژەی 100%ی بەرهەمی ناوخۆیی گشتیی ئابووریی جیهان تێدەپەڕێنێت، لە سیناریۆیەکی وادا ئەم قەرزە دەگاتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ساڵی 1948ەوە.
ئەمریکا پێشەنگایەتی دەکات لە زیادکردنی قەرزەکان
بەپێی ئامارەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ئەمریکا گەورەترین بەرزبوونەوەی ڕێژەی قەرزەکانی بەرامبەر بە بەرهەمی ناوخۆیی لە نێوان وڵاتە گەورەکانی ئابووری پێشکەوتوودا بەخۆیەوە دەبینێت.
لە ساڵی ٢٠٢٣ تا ٢٠٣٠، قەرزی گشتی حکومەتی ئەمریکا لە ١١٩.٨%ی بەرهەمی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ١٤٣.٤% لە ساڵی ٢٠٣٠ بەرز دەبێتەوە.
ئەو دەزگا نێودەوڵەتییە ئاماژەی بەوەدا کە بۆ یەکەمجار لەم سەدەیەدا ئەمریکا پێش ئیتاڵیا و یۆنان دەکەوێت کە لەمێژە بە قەرزدارترین وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان ناسراون لەم بوارەدا. لە نێوان کەمکردنەوەی باج بۆ ئەو کەسانەی کە داهاتیان زۆرە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا ئەمریکا ڕووبەڕووی کورتهێنانی بودجەی ساڵانە ببێتەوە کە زیاتر لە سەدا حەوت دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی شیکارییەکی ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، ئیتاڵیا بڕیارە ئەمساڵ کورتهێنانی بودجەی خۆی بۆ 2.9% بگەیێنێت و ساڵێک پێش وادەی خۆی ئەو ئاستی 3%یەی برۆکسل داینابوو، جێبەجێ بکات.
خەرجییەکانی حکومەتی ئەمریکا بەرزبووەتەوە لە دوای پەسەندکردنی «پڕۆژە یاسا گەورە و جوانەکەی» سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە هاوینی ئەمساڵدا لە کۆنگرێس، ئەمەش کۆشکی سپی ناچارکردووە زیاتر پشت بە قەرزکردن ببەستێت بۆ دابینکردنی دارایی خەرجییە ساڵانەکان. زیادکردنی خەرجییەکان دەتوانێت کورتهێنانی بودجە بە بڕی ٧ تریلیۆن دۆلار ساڵانە زیاد بکات تا ئەو کاتەی ترەمپ لە مانگی ژانویەی ساڵی ٢٠٢٩دا پۆستەکەی بەجێدەهێڵێت.
قەرزی ئیتالیا هێشتا لە دەوروبەری لەسەدا ١٣٧ی بەرهەمی ناوخۆییە، بەڵام سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات کۆی گشتی قەرزەکانی لە ساڵی ٢٠٣٠دا لە سەدا ١٣٧ بمێنێتەوە، پێدەچێت قەرزی یۆنان کە ئێستا لەسەدا ١٤٦.٧ی بەرهەمی ناوخۆییە، تا ساڵی ٢٠٣٠ بۆ ١٣٠.٢% دابەزێت بۆ بەراوردکردن و تێگەیشتن لەم ڕێژەیە باشترە بزانین کە ئەم ڕێژەیە بۆ فەرەنسا، ئیسپانیا و ئەڵمانیا بەڕیزبەندی ١١٦/٥٪ و ١٠٠/٤٪ و ٦٤/٤ە.
ڕێژەی قەرزەکان بەرامبەر بە بەرهەمی ناوخۆیی هۆڵەندا و سوید و دانیمارک لە خوار ٦٠%ەوە ماوەتەوە، ئەمەش وایکردووە کیشوەری سەوز ببێتە کیشوەرێک کە دابەشکراوە لە نێوان دیسیپلینی دارایی لە باکوور و ماندوێتی لە باشوور. بەڵام ڕەوتەکە بۆ ئەمریکا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بەرەو سەرەوەیە و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ کورتهێنانی بەردەوامی بودجە و بەرزبوونەوەی تێچووی قەرزکردن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئێستا پۆرتفۆلیۆی زانیاری پەیوەست بە قەرزەکانی واشنتۆن بەراورد دەکرێت بە ئابووری وڵاتانی ئەوروپی کە قەرزاری زۆریان هەیە. سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە درێژەدا جەختی لەسەر پێویستی چاکسازی دارایی لە ئەمریکا کردەوە.
هەروەها ئابوورییە گەورەکانی دیکەی جیهانیش مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە ڕێژەی قەرز بەرامبەر بە بەرهەمی ناوخۆیی لەسەدا سەد زیاتر بێت، لەوانە کەنەدا، چین، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و بەریتانیا. بە واتایەکی تر، قەیرانی بەردەوامیی قەرزەکان کە سەردەمانێک نیشانەی وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان بوو، ئێستا گواستراوەتەوە بۆ خودی گروپی بیست (G20) و ئێستا ئەو وڵاتانەی کە بە پایەی سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی دادەنرێن، هەمان ئەو وڵاتانەن کە دەبنە هۆی داڕمانی سیستەمی دارایی جیهانی.