ئارش لوقمان دانیشتووی شاری کەلارەو لە ڤیستیڤاڵی ھەنارو پایزی ھەڵەبجە بەشداری کردووە پێی وایە" بەربژێرەکان بە قسەو بەڵێنەکانیان لە بانگەشەی ھەڵبژاردن ھیچیان نەھێشتووە."

ئەو دەڵێت" ئەگەر ئێمە ئەزمونی رابردوومان نەبوایە لەگەڵ بەربژێرەکان لە خولەکانی رابردوو، وامان ئەزانی ئەم بەربژێرانەی ئێستا داوای ئەستێرە بکەین بۆمان دائەگرن."

ئاسی محەممەد لە ھەڵەبجە باس لە ناپێویستی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان ئەکات و دەڵێت" ھیچ دەسەڵاتێک لە رێگای پرۆسەی دەنگدانەوە پەراوێز نەخراوە، بەڵام لە فۆڕم و شکڵدا گۆڕانکاری رووکەش ھەبووە، ئەوەش تینوێتی ئەو کۆمەڵگەیە ناشکێنێ کە بە دوای داھاتوویەکی باشترەوەیە."

ئاسی درێژەی بە قسەکانی داو وتی" ئێمەی گەنج ھیچ ھیوایەکمان بە گۆڕانکاری نیە لەم ھەرێمە، ھەروەک چۆن لە رابردوودا ھیچ گرنگیەک بە گەنج نەدراوەو خزمەت نەکراوە."

ئەحمەد قادر مامۆستای زانکۆی ھەڵەبجەیە پێی وایە"وەرگرتنی ماف جەنگی ئەوێ، جەنگی ئێمەش بۆ ھەلی کارو بژێوی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ھاوڵاتیان لە رۆژی دەنگدان و لە سەر سندوقی دەنگدانە، بۆیە دەبێ دەنگدەرانی گەنج ھەستی بەرپرسیارێتیان بەھێز بێ و کەمتەرخەم نەبن لە پرۆسەکە بۆ ئەوەی ئەو بەربژێرانەی بەھیزن سەرکەون بۆ پەرلەمان."

شلێر رەمەزان لە رانیەوە ھاتوەتە ڤیستیڤاڵی ھەناری ھەڵەبجەو پێی وایە" ھەموو حیزب و بەربژێرەکانیان، ئەوەندەی بەدوای باشترکردنی بارودۆخی خۆیاندان، ئەوەندە بۆ ئەوە بەربژێر نین بارودۆخی ھاوڵاتیان باشتر بکەن، بۆیە دەڵێ" ھێشتا کارتی دەنگدانەکەم تازە نەکردووەتەوەو ئەو رۆژەی دەنگدانە لە ماڵەوە دەبم و ناچمە ناوەندەکانی دەنگدان و دەنگ بە ھیچ بەربژێرێکی حیزبەکان نادەم ."