کۆبوونەوەی محەممەد بن سەلمان و دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە لەگەڵ ئیسرائیل، بە گرژییەوە بەڕێوەچووە و بە گوتەی چەندین بەرپرسی جیاواز، هەردوو لا لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بۆچوونی ئاڵۆز و پڕ لە گرژییان لەسەر فراوانکردنی ڕێککەوتنامەکانی ئیبراهیم هەبووە.

ڕۆژنامەی ئەکسیۆس لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کە وردەکارییەکانی ئەم دانیشتنە ئەوە دەردەخەن کە هەرچەندە هەردوو لا لەبەردەم کامێراکاندا ستایشی یەکتریان کردووە و هیچ نیشانەیەکی ناکۆکییان دەرنەخستووە، بەڵام لە بەشێک لە گفتوگۆکەدا، شێوازی قسەکردن و کەشوهەوای دانیشتنەکە بە تەواوی جیاواز و هاوکات گرژی تێدا بووە.

هۆکاری سەرەکی گرژییەکە: گرژییەکە بەهۆی ئەوەوە دروست بووە کە ترەمپ بە زۆرەوە داوای لە سعودیە کردووە کە پەیوەست بێت بە ڕێککەوتننامەکانی ئیبراهیمەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، بە تایبەتیش دوای کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە.

هەڵوێستی سعودیە: محەمەد بن سەلمان داواکارییەکەی ترەمپی ڕەتکردووەتەوە و جەختی لەسەر چەند خاڵێک کردووەتەوە:

​ڕای گشتی ناوخۆ: ڕای گشتی سعودیە لە دوای شەڕی غەززە بە شێوەیەکی بەرفراوان دژ بە ئیسرائیلە و کۆمەڵگای سعودیە لە ئێستادا ئامادە نییە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان.

​مەرجی دەوڵەتی فەلەستین: بن سەلمان مەرجی داناوە کە ئیسرائیل دەبێت ڕەزامەندی دەرببڕێت لەسەر "ڕێگایەکی نەگۆڕاو، متمانەپێکراو، و کاتی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی" وەک مەرجێک بۆ هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی.

هەستی ترەمپ: سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە ترەمپ بەهۆی ڕەتکردنەوەی شازادەی جێنشینەوە هەستی بە "نائومێدی و بێزاری" کردووە.

یەکێک لە سەرچاوەکان بە ئەکسیۆسی گوتووە: "سەرۆک [ترەمپ] بەڕاستی دەیەوێت ئەوان پەیوەست بن بە ڕێککەوتننامەکانی ئیبراهیمەوە. هەوڵێکی زۆری دا قسەی لەگەڵدا بکات. گفتوگۆیەکی ڕاستگۆیانە بوو. بەڵام محەممەد بن سەلمان ملی نەدا بە خواستەکانی تڕامپ و لەسەر هەڵوێستەکەی مایەوە.