عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە ئیسلام ئاباد لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان محەممەد ئیسحاق دار دیدار و وتووێژی کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لە کەناڵی تێلێگرامی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بڵاو کراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە گرنگەکانی ناوچەکە و پێویستیی هەنگاوی دەستەجەمعی لە لایەن وڵاتانی ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان تاوتوێ کرا. هەردوولا پێیان وابوو کە جیهانی ئیسلامی پێویستی بە داڕشتنی ڕێوشوێنی کردەیی و هەماهەنگیی بەرفراوان و هاوکاریی تۆکمە هەیە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ناوچەکە، بە تایبەت بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییەی ڕژێمی زایۆنی لە دژی وڵاتانی ئیسلامی دروستی کردووە.
لاریجانی بە ئاماژەدان بە پەیوەندییە درێژخایەنەکانی نێوان دوو وڵات، بەرزکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و پاکستان بۆ ئاستی پەیوەندییە ستراتژیکییەکان بە پێویستی ناوبرد و ڕایگەیاند کە توانا ئابوورییەکانی دوو وڵات دەتوانن لە ئاستێکی زۆر دوورتر لە بارودۆخی ئێستا کار بکەن.