لە پارێزگای سووەیدا لە باشووری سووریا گرژیی نوێ ڕوویداوە دوای ئەوەی لە نێوان پیاوانی سەر بە جەولانی سەرۆک کۆماری سووریا و گرووپە چەکدارەکانی دەوروبەری گووندی ئەلمەنسوورە هەڵکەوتوو لە ڕۆژئاوای ئەو پارێزگایە پێکدادان ڕوویدا.

میدیاکانی سوریا بڵاویانکردەوە، سەرۆکی هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای سووەیدا کلیپێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا چەکدارەکانی سەر بە حیکمەت ئەلهجری هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی. ناوبراو هەروەها هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی کرد.

پارێزگای سووەیدا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و حوکمڕانی چەکدارانی سەر بە جەولانی لە سووریا شایەتی گرژی و ململانێی چەکداری بەربڵاو بووە.

ماوەیەک لەمەوبەریش ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند کە ڕێژەی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پێکدادانی چەکداری لە پارێزگای سووەیدا کە دەکەوێتە باشووری ئەو وڵاتە زیادی کردووە.