قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، پێشوازیکرد لە ماسامیشی سوگایا، بەرپرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن و روداوی هێرشکردنەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆریان تاوتوێکرد.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکردوە، لەگەڵ ئەوەدانین غازی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە بکرێت، بەڵکو دەبێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و دابینکردنی کارەبا بەکاربهێنرێت و بخرێتە خزمەت گەشەپێدانی ئابوری کوردستانەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، هەردولا روداوی هێرشکردنەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆریان بە هێرشکردنەسەر ژێرخانی وزە و ئابوری هەرێمی کوردستان و عێراق وەسف کرد. ماسامیشی سوگایا پشتیوانی و هاوسۆزی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، بە تایبەتیش لەم قۆناغەدا کە عێراق و کوردستان بەرەو گەشەپێدانی ئابوری هەنگاودەنێن و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ژاپۆن و وڵاتانی دیکە خواستیان بۆ وەبەرهێنان لە عێراق زیاتر بوە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پرۆسەی سیاسی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران. هەردولا هیوایان خواست حکومەتی داهاتووی عێراق بە زوویی پێکبهێنرێت و بە جۆرێک بێت کە جێی رەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بێت.
سەبارەت بە پێگەی کوردیش لە عێراق، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت پێگەی کورد لە بەغدا بەهێزتر بێت بۆ ئەوەی پێگەی هەرێم بەهێزتر و پارێزراوتربێت.