سەرکردەیەکی شیعەکانیش دەڵێت، "سەرەتای ساڵی داهاتوو هەرسێ سەرۆکایەتییەکە یەکلایی دەکرێنەوە".چاوەڕێدەکرێت لەدوو هەفتەی داهاتودا سەرجەم ڕێکارەکانی پەیوەست بەهەڵبژاردن تەواوبکرێن‌و دادگای فیدراڵیش ناوی کاندیدە براوەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق پەسەندبکات، لەهەنگاوی دواتردا سەرۆکی پەرلەمان لەپشکی سوننەکان‌و سەرۆک کۆمار لەپشکی کورد هەڵدەبژێردرێت، دواتریش سەرۆک کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێرێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ عەزام حەمدانی ئەندامی هاوپەیمانی عەزم بەڕۆژنامەی نیمچەفەرمی عێراق (سەباح)ی وتوه‌، "هەوڵەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەردەوامەو چوار مەرج بۆ کاندیدی پۆستەکە دیاریکراون".

حه‌مدانى وتویه‌تى مه‌رجه‌كان بریتین له‌، "دەبێت پۆستەکە لەلایەن سەرکردەیەکی هێڵی یەکەمی سونییەوە بەڕێوەببرێت، ئەوەی پۆستەکە وەردەگرێت دەبێت سەرکردەی سیاسی کاریگەربێت، دەبێت پۆستەکە بۆ بەرژەوەندی کەسی‌و حزبی بەکارنەهێنرێت، دەبێت گەرەنتی مافە دەستورییەکانی پێکهاتەی سوننی بکات".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "پێداگریی هەندێک لایەن لەسەر وەرگرتنی پۆستەکە بەهۆی ئەوەی زۆرینەی کورسییان (لەناو پێکهاتەی سونییدا) هەیە، یەکێکە لەئاستەنگییەکان کە تائێستا کاندیدی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی نەبوەتەوە، بەڵام کاری هاوپەیمانێتی سوننەکان لەسەر بنەمای هاوبەشی‌و گفتوگۆ بەردەوامە".

سه‌باره‌ت به‌یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆكایه‌تیه‌كان، سەلام زوبەیدی وتەبێژی هاوپەیمانی نەسری شیعەکان دەڵێت، "چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران پابەندە بەوادە دەستورییەکان، ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەچن سەرەتای ساڵی داهاتوو یەکلاییکردنەوەی سەرۆکایەتییەکان تەواو بکرێت".