مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 7-12-2025 بە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو هەنگاوەی دەیگرنەبەر لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی سیستمی دراوی فەرمیی عێراق و بە مەبەستی گۆڕینی سیستمی پارەدانە بۆ شێوازێکی دیجیتاڵیی پێشکەوتوو.
روونیکردەوە: "دیناری دیجیتاڵی، دراوێکی هاوتەریب یان جێگرەوەی سەربەخۆ نییە، بەڵکو بریتییە لە هەمان دیناری عێراقی کە بانکی ناوەندی دەری دەکات، بەڵام بە شێوەی ئەلیکترۆنی، واتە هەمان نرخ و تایبەتمەندیی دیناری کاخەزی هەیە و تەنیا جیاوازییەکەی ئەوەیە مامەڵەکردن پێوەی بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت لەڕێگەی سیستمێکی پارێزراوەوە".
بە وتەی موزهر محەممەد ساڵح، ئامانجە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە بریتین لە:
1. گواستنەوەی هەنگاو بە هەنگاو لە پارەی کاغەزەوە بۆ سیستمی پارەدانی دیجیتاڵی.
2. کەمکردنەوەی تێچووی چاپکردنی دراو.
3. کەمکردنەوەی هەڵگرتنی پارە لە ماڵان.
4. بەهێزکردنی شەفافیەت و توانای چاودێریکردنی جووڵەی دارایی.
راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە چاکسازیی دارایی و جێبەجێکردنی بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ دەبێت، ئەمەش پێویستی بە دابینکردنی ژێرخانێکی تەکنیکی بەهێز، سیستمی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی تۆکمە، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و دەرکردنی یاسای تایبەت هەیە بۆ رێکخستنی.