لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەچوو، باس لە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی دروستکردنی کۆدەنگی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق، بۆ ئەوەی حکومەتێکی بەهێز و کارا پێکبهێندرێت کە جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکان بێت.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رۆڵ و پێگەی سەرۆک مام جەلالی بیرهێنایەوە، کە چۆن لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، ناوماڵی کورد و هەموو عێراقییەکانی رێکدەخستەوە و بە گرنگی زانی، “لەم قۆناغەشدا هەمان سیاسەتی مام جەلال جێبەجێبکرێت بۆ دروستکردنی کۆدەنگی و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو”.
لای خۆیشیەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی هەرچی زووترە، رێککەوتنێکی تۆکمە و گشتگیر بکرێت لەسەر چۆنیەتیی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.