محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ یەکەمجار دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت، لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی لەگەڵ کەناڵی ڕابیعە، باسی لە چەند دۆسیەیەکی گرنگ کرد، لەوانە هەڵبژاردن و ئاسایش و دۆسیەی چەک.
سوودانی ئاشکرای دەکات، دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لێکردووە عێراق پاڵپشتیی بکات بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی. هەروەها ڕایدەگەیێنێت، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ سووریا لە بەرژەوەندیی ئاسایش و سەقامگیریی عێراقدایە.
لەوەڵامی تۆمەتەکانی پشتگیریکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل پاش بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی شەرم ئەلشێخ، سوودانی ڕایدەگەیێنێت، حکومەتەکەی ڕووبەڕووی زۆرترین چەواشەکاری و درۆ بووەتەوە.
محمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "الرابعە" :
🔹پرسی رۆژنامەی فەرمی عێراق و دەستنیشانکردنی حزبوڵا و حوسییەکان، بەشێکە لە بەئامانجکردن و زانیاری چەواشەكاری و بە شەیتانکردنی حکومەت.
🔹ئایا بڕیارێک لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە؟ وەڵامەکە نەخێرە، ئایا بڕیارێک لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە دەرچووە؟ وەڵامەکە نەخێرە، ئایا بڕیارێک راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە دەرچووە؟ وەڵامەکە نەخێرە.
🔹وەڵامەکە ئەوەیە کە لیژنەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، بە سەرۆکایەتی جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی، دەیان پەیوەندی نێودەوڵەتی لە هاوتاکانی لە وڵاتانی دیکە وەردەگرێت.
🔹ئەم پەیوەندیانە ناوی ئەو کەس و لایەنانە لەخۆدەگرن کە کەوتوونەتە ژێر بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە، نە لیژنەکە و نە حکومەتی عێراق ئەو کەس و قەوارانەیان دەستنیشان نەکردووە.
🔹ئەوەی روویدا ئەوەیە کە تەواوی ئەم لیستانە بەبێ جیاكردنەوەی قەوارەكان رەوانەی ڕۆژنامەی فەرمی کران.
🔹ئێمە هەڵوێستی سیاسیمان نییە بەرامبەر حزبوڵاو حوسییەکان، بەڵکو هەڵوێستی پاڵپشتمان هەیە بەرامبەر بە هەموو بزووتنەوە رزگاریخوازەکان و خەباتەکانی دژ بە دەستدرێژی و سیاسەتی نادادپەروەری کە گەلانی عەرەبی دەکەنە ئامانج، هیچ قین لە دڵێك ناتوانێت لەوەدا لە ئێمە تێپەڕێت.
🔹ئەوەی روویدا هەڵەیەکی کارگێڕی بووە، ناتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ئایا بە مەبەست شەرمەزارکردنی حکومەت بووە.
🔹چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوەو چۆنێتی بڵاوکردنەوەیان لە رۆژنامەی فەرمیدا دەکەین و ئەنجامەکانی رادەگەیەنین.
🔹حزبوڵاو حوسییەكان هیچ حسابێکی دارایی یان بانکیان نییە لە بانکەکانی عێراقدا بۆ ئەوەی سزا بەسەریاندا بسەپێندرێت. تەنانەت ئەگەر ئەو جۆرە هەژمارانەش هەبووایە، بانکە عێراقییەکان ناتوانن حەواڵەی دارایی بۆ بکەن.
🔹هەڵمەتێکی رێکخراو و بە ئەنقەست هەیە بۆ ئیستغلالکردنی هەر هەڵەیەک و زەقكردنەوەی بەشێوەیەكی نەرێنی.
🔹کاتێک لە بەسرە گەڕامەوە، داوای وردەکاریم کرد سەبارەت بە هێرشەی دەكرێتە سەرمان سەبارەت بەو شتانەی لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراونەتەوە.
🔹راپۆرتێکی وردم پێدراوە كە ئاشكرای دەكات کێ لە پشت ئەو هەژمارو لاپەڕانەوەیە، كە بەدەرنییە لە دەستوەردانی دەرەكی و پشتیوانیکردنی ئەم هێرشە.
🔹هەموو شتێک لە کاتی خۆیدا ئاشکرا دەکرێت و رادەگەیەنرێت، چونکە ئەم پێشێلکارییانە و ئەم هێرشە بەردەوامانە، کە ئامانجیان پشێوی لەناو عێراق و کاریگەری لەسەر سەقامگیری دیارە، بە دڵنیاییەوە روبەڕوی دەبينەوە و بە توندی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. 🔹گۆڕینی پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ کارێک (وەزیفە) قبوڵکراو نییە و حکومەت لاواز دەکات .
🔹حکومەتەکەم کەوتووەتە بەردەم گەورەترین هەڵمەتی ناوزڕاندن و درۆ.
🔹هێنانی بەڕێوەبەرێک دەبێتە هۆی حکومەتێکی لاواز کە بەرگە ناگرێت.
🔹پێویستە دەرفەت بدەین بە چوارچێوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکی حکومەتدا، هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانیش نابێت قورسایی هەڵبژاردنەکان پشتگوێ بخات.
🔹یاخیبوون بە هیچ جۆرێک لە لایەن منەوە دژی چوارچێوەی هەماهەنگی نەبووە.
🔹من تاکە سەرۆک وەزیرانم کە پابەند بووم بە کۆبونەوەو دیدارەكان لەگەڵ چوارچێوەکە و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، چونکە باوەڕم بە هاوبەشی هەیە.
🔹کاندیدکردنی ترەمپ بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان من و ترەمپەوە هاتە ئاراوە، بەتایبەتی دوای کۆتاییهاتنی شەڕی 12 ڕۆژە، دەستدرێژی دژی ئێران.
🔹لە پەیوەندییەکەدا، جەختم لەسەر سوپاس و پێزانینمان کرد بۆ ئەو هەوڵانەی کە دراون بۆ وەستاندنی ئەم شەڕە و بۆ بەردەوامبوونی ئەم ئاگربەستە غەززە .
🔹ترەمپ بەدواداچوون و ئاراستەی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکان لە ناوچەکە و گەیشتن بە ئاشتی دووپاتکردەوەو وتى، کاندید دەکرێت بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و هیوای خواست عێراق پشتگیری لە کاندیدکردنی بکات، ئێمەش ڕازی بووین گفتوگۆکەمان لەم چوارچێوەیەدا بوو.
🔹چەکداماڵینی گروپەكان چەكدارەكان بە بڕیاری حکومەت چارەسەر ناکرێت، بەڵکو بە رێککەوتنێکی سیاسی بەرپرسیارانە چارەسەر دەکرێت.