بەپێی ڕاپۆرتی شەهاب، پەنابەرانی فەلەستینی کە لە قوتابخانەی مەلەک سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیشتەجێ بوون، ڕایانگەیاند کە لەناکاو خۆیان لە ناو ئەو ناوچانەدا بینیەوە کە لە لایەن سوپای زایۆنیەوە داگیر کراوە و بە هێڵی زەرد ناسراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، پەنابەرانی فەلەستینی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە سوپای ئیسرائیل ئەو بلۆکە کۆنکرێتیانەی کە هێڵی زەردیان لە کەرتی غەززە دیاری کردووە گواستووەتەوە و ناوچە داگیرکراوەکانیان لە بەنی سوهەیلا کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی خان یونس فراوانتر کردووە.
دوێنێ وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند کە ئەم دەزگای نێودەوڵەتی "بە توندی" دژی هەر گۆڕانکارییەک لە سنوورەکانی غەززە (و خاکە داگیرکراوەکان)ە.
ستیفان دوجاریک ئەم قسانەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژانەدا کرد لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە لێدوانەکانی ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل.
زەمیر پێشتر ڕایگەیاندبوو کە "هێڵی زەرد" سنووری نوێی کەرتی غەززە دیاری دەکات.
دوجاریک جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە لێدوانانە پێچەوانەی ڕۆح و ناوەڕۆکی پلانی ئاشتییە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشکەشی کردووە.
ڕوونیشی کردەوە، کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە غەززە دەکات، تەنیا دان بەو سنوورانەدا دەنێت کە لە نێوان غەززە و ناوچە داگیرکراوەکاندا هەن، نەک "هێڵی زەرد".
بەپێی زانیارییەکان، "هێڵی زەرد" ئەو هێڵەیە کە سوپای ئیسرائیل لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پلانەکەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بۆی پاشەکشەی کردووە.