بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولباری عەتوان سەرنووسەری ڕۆژنامەی " رای الیوم " بە ئاماژە بە کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی وتی: ئەو ستراتیژیەی کە سەرکردەکانی سیاسی و سەربازیی ڕژیمی زایۆنی ساڵانێکە پەیرەوییان کردووە، لە سەر بنەمای ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانە بە پشت بەستن بە هەواڵگری و بە مەبەستی سەرکەوتن لە شەڕی دەروونی دایە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند: نتانیاهۆ بە هۆی شکستی خۆی لە کەرتی غەززە و نەگەیشتن بە ئامانجەکانی پەنای بۆ شەڕ لە گەڵ ئێران بردووە بۆ ئەوەی سەرنجی جیهان لە تاوان و کۆمەڵکوژییەکانی سوپاکەی لە کەرتی غەززە لابدات.

عەتوان وتی: ئامانج لە سیاسەتی تیرۆریستیی دەسەڵاتدارانی تەلئەبیب، بەرزکردنەوەی ورەی داڕماوی زایۆنیستەکانە بە هۆی وەڵامدانەوەی خێرا و سەرسوڕهێنەر و کاریگەرانەی ئێران لە دژی دوژمن و هێرشە مووشەکییە بەهێزەوکان بۆ سەر قوڵایی خاکە داگیرکراوەکان و وێرانکردنی ناوچەی باشوری تەلئەبیب و زۆربەی شاری حەیفا و سووتاندنی پێشکەوتووترین ناوەندی زانست و تەکنەلۆژیا لە جیهاندا (پەیمانگای ویزمان بۆ زانست) و گەیشتنی مووشەکەکانی ئێران بۆ بارەگای دەزگای سیخوڕیی مۆساد و ناوەندی هەواڵگریی سەربازیی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بە ناوی " ئامان " کە ئەمانەش گەورەترین دەسکەوتن بۆ ئێران.

ئەو شرۆڤەکارە بە ئاماژەدان بەو سانسۆرە توندەی کە ڕژێمی زایۆنیستی جێبەجێی دەکات، وتی: ڕژێمی زایۆنیستی ناتوانێت تا کۆتایی درێژە بەم سانسۆرە و شاردنەوەی زیان و ڕاستییەکان بدات.

عەتوان جەختی لەوەش کردەوە کە کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە کە مووشەکی زۆر پێشکەوتووی ئێران گەیشتوونەتە قووڵایی ناوچە داگیرکراوەکان، ئەمە یەکەمجارە کە مووشەکی پێشکەوتوو و وردبین نەک تەنیا بەر دڵی حەیفا و تەلئەبیب و ناوچەی باکوری ئەلجەلیل کەوتووە، بەڵکوو زیانی زۆریشی گەیاندووە و سەدان سەرباز و دانیشتووی ڕژێمی زایۆنیستیی کوشتووە.

ڕاشیگەیاندووە کە هاوسەنگی هێز لە شەڕەکەدا بە قازانجی ئێران گۆڕاوە و بە دووری نازانین سەرکەوتنی هەواڵگریی ئێران لە بەدەستهێنانی هەزاران بەڵگەنامەی نهێنی ئەتۆمیدا دوژمن تووشی سەرسوڕمانێکی گەورە بکاتەوە. ئێران وڵاتێکی گەورەیە و ناتوانرێت بەراورد بکرێت بە حزبوڵڵا یان حەماس و هەر فەرماندەیەک کە شەهید دەبێت، فەرماندەیەکی گەنجتر شوێنی ئەو دەگرێتەوە./.