ئەمڕۆ 11ی 12ی 2025، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، رایگەیاند: داوا دەكەم چەمچەماڵ نەكرێتە مەیدانی شەڕێكی نوێی سیاسیی و شكاندنی یەكتر، چونكە بەوە ناگەینە هیچ ئەنجامێك، بەڵكو دەبێت قوربانییەكانی چەمچەماڵ و شۆڕش و ئاغجەلەرو ئەو ناوچانەی زیانیان بەركەوتووە یەكمان بخەن.

راشیگەیاند: دەبێت لەڕێی حكومەتی خۆجێی و قائیمقامییەت و ئەو لیژنانەی پێكهێنراون، بەزووترین كات كاری پێویست بكەین و ئەو كۆمەك و فریاگوزاریانەی لەلایەن وڵاتان و رێكخراوە ناوخۆییەكان و حكومەت و خێرخوازانەوە دابینكراون بەشێوەیەكی سیستماتیك بەسەر زیانلێكەوتوواندا دابەشبكرێن.

بەگوێرەی دواین ئاماری بەرگری شارستانی هەرێم، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەخوڕەی لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە هەرێمی كوردستانی گرتەوە و لە چەند ناوچەیەك لافاو دروستبوو، سێ كەس گیانیان لەدەستداوە و 12 كەسیش بریندار بوون، هاوكات زیانی ماددی زۆریش بەر موڵك و ماڵی هاووڵاتیان و دامەزراوە حكومییەكان كەوت.