جام کوردی - وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە هێزە چەکدارەکان و خەڵکی ئێران لە هەر هەلومەرجێکدا ئامادەن بەرگری لە وڵات بکەن، وتی: ئێمە شەڕمان ناوێت، بەڵکو دەمانەوێت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کێشەکان چارەسەر بکەین.

 سەید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دیکۆمێنتاریی کەناڵی جەزیرە سەبارەت بە شەڕی ١٢ ڕۆژە وتی: هەروەها زۆر دەبیستین کە ڕژێمی ئیسرائیل ڕەنگە جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەرمان. شەڕی دەروونی بەشێکە لە شەڕی ڕاستەقینە و پێدەچێت لە ئێستادا کار لەسەر شەڕی دەروونی دەکەن. وە بۆ دروستکردنی ترسێک لە وڵاتدا کە ئەمە بەشێکە لە شەڕێکی گشتیتر.

عێراقچی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەگەری شەڕ پشتگوێ بخەین، ئێمە ئامادەکاری تەواومان هەیە؛ هێزە چەکدارەکانمان و گەلەکەمان لە هەر بارودۆخێکدا ئامادەن بەرگری لە وڵات بکەن.

بە ئاماژەدان بەوەی ئێمە شەڕمان ناوێت بەڵکو دەمانەوێت لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە کێشەکان چارەسەربکەین، وتی: ڕەنگە لەڕێگەی بۆردومانەوە بتوانن بینا و کەرەستەکان لەناو ببەن، بەڵام تەکنەلۆجیا لەڕێگەی هێرشی سەربازییەوە لەناوناچێت، هەروەها ناتوانرێت لەڕێگەی بۆردومانەوە زانین لە مێشکدا لاببرێت. لەهەمووشی گرنگتر ئیرادەی نەتەوەیەک لەڕێگەی بۆردومانەوە ناتوانرێت لەناوببرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێش هێرشی سەربازی گەلی ئێران ساڵانێکی زۆر گەمارۆیان بەسەردا سەپاند، بەڵام هیچ کێشەیەک چارەسەر نەبوو.

عێراقچی وتی: ئێمە هەرگیز وەک دانوستانکارێکی ڕاستگۆ متمانەمان بە ئەمریکا نەبووە، ئەمریکا لە هیچ شتێکدا ڕاستگۆ نەبووە و بەڕای من کەس ناتوانێت متمانە بە ئەمریکا بکات، بەڵام ئەمە ناتوانێت ڕێگریت لێبکات لە هەڵبژاردنی دیپلۆماسی.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە: ئێران ئێستا لە پێگەیەکی گەورەدا بێت یان نا، ئەوە بەستراوە بە خودی خەڵکی ئێرانەوە، پێشنیار دەکەم ئەمریکا ڕێز لە خەڵکی ئێران و ئەو سیستەمە بگرێت کە خەڵکی ئێران بۆ خۆیان هەڵیانبژاردووە.