دیوارە ڕەنگاوڕەنگەکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 3ی زایینی، لەلایەن شوێنەوارناسانی تورکیاوە دۆزراوەتەوە و بە یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوەکانی سەرەتای ئایینی مەسیحی لە ئەنادۆڵ دادەنرێت.

لە کارەکەدا عیسا مەسیحێکی گەنج و بێ ڕیش وێنا دەکرێت کە جلێکی هاوشێوەی تۆگا لەبەردایە و بزنێکی لەسەر شانی هەڵگرتووە، وێنەیەک کە وەک "شوانی باش" نێوی لێ دەبرێت. توێژەران دەڵێن ئەو وێنەی سەر دیوارە یەکێکە لەو چەند نموونەیەی لە ئەنادۆڵدا کە عیسا مەسیح بە تایبەتمەندییەکی دیاری ڕۆمانیەوە وەک وێنە هەڵکەنراوە.

ئەو وێنەیە لە مانگی ئابدا لە گۆڕێکی ژێرزەوینی لە نزیک شاری ئیزنیک دۆزرایەوە، هەمان شار کە لەم دواییەدا پاپا لیۆی چواردەهەم لە یەکەم گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات سەردانی کرد. ئیزنیک لە مێژووی مەسیحییەکاندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە، بەو پێیەی ئەنجومەنی "نیقییە" لە ساڵی 325ی زایینی لەوێ بەڕێوەچوو، لەوێشدا "عەقیدەی نیقییە" پەسەندکرا.

شوێنەوارناسان پێیان وایە ئەم گۆڕە کە دەکەوێتە گوندی هیساردە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سێیەمی زایینی، ئەو قۆناغە کە هێشتا مەسیحییەکان ڕووبەڕووی گۆشەگیری و چەوساندنەوەی بەرفراوان بوونەتەوە لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمدا.

پێش ئەوەی کە "خاچ" ببێتە هێمای ئایینی مەسیحی، وێنەی "شوانی باش" ڕۆڵێکی سەرەکی لە دەربڕینی باوەڕی مەسیحیدا هەبوو، کە ڕەنگدانەوەی چەمکەکانی وەک پاراستن و ڕزگاربوون و ڕێنمایی خودایی بوو. بەڵام تەنها چەند نموونەیەکی کەم لەم وێنەیە لە ئەنادۆڵدا دۆزراونەتەوە و نموونەی هیساردێریش لە پلەی سەلامەت و پاراستندا بە ناوازە وەسف دەکرێت.