پیپ گواردیۆلا لەسەر چوارگۆشەی سەوزدا بە بەناوبانگترین لایەنگری فەلەستین دادەنرێت و بەپێی ڕاپۆرتی لەیلا حامەد پەیامنێری مارکا و بڕیارە ئەو ڕاهێنەرە بەشداری کۆنسێرتێک بکات بۆ پشتیوانی لە گەلی فەلەستین لە بەرشەلۆنە.

ڕاهێنەری سیتی لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا حەوت جار بە شێوازی جیاواز پاڵپشتی خەڵکی فەلەستین و غەززەی کردووە.

مانگی ڕابردوو کاتێک هەڵبژاردەی فەلەستین گەشتێکی بۆ ئیسپانیا کرد بۆ ئەنجامدانی دوو یاری خێرخوازی بەرامبەر هەڵبژاردەکانی کەتەلۆنیا و وڵاتی باسک، گواردیۆلا هانی خەڵکی وڵاتەکەی دا بۆ ئامادەبوون لەو یارییانەدا و لە کۆتاییدا زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری دارایی کۆکرایەوە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی غەززە.

لەیلا حامد ڕاپۆرت لەسەر وردەکارییەکانی کۆنسێرتەکە دەدات، کە لەلایەن گروپی Act x Palestine بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ دۆزی فەلەستین ڕێکدەخرێت و لە ٢٩ی ژانڤییە لە بەرشەلۆنە بەڕێوەدەچێت.

بە وتەی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئیسپانییە، پیپ گواردیۆلا یەکەم کەسایەتی ناودارە کە خۆبەخشانە بەشداری کۆنسێرتەکە دەکات بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر بێن و پارەی زیاتر بۆ گەلی فەلەستین کۆبکەنەوە.