بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کتێبی "فەرهەنگی خۆراکی هەورامان" لە نووسینی ئەمیر سادقی لە شاری سنە بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک بەرپرسی پارێزگا و چالاکانی فەرهەنگی، هاوکات لەگەڵ فێستیڤاڵی سفرە و خوانی کوردی "شەو چلە" ناسێندرا و پەردەی لەسەر لادرا.

نووسەری ئەم بەرهەمە بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی فێستیڤاڵەکانی خۆراک ڕایگەیاند: ئەم جۆرە بۆنەیانە سەکۆیەکی گونجاون بۆ ناساندن و زیندووکردنەوەی خۆراکە ڕەسەن و ناوخۆییەکان.

ئەمیر سادقی بە ئاماژەدان بە پرۆسەی پێکهێنانی ئەم کتێبە وتی: نزیکەی ١٨ ساڵە لێکۆڵینەوەم لەسەر خواردنی گوند و ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە کردووە، کە دەرئەنجامی ناساندنی خۆراکی ناوچەی هەورامانە لە شێوەی کتێبێکی شیکاری و کۆمیک لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی زانستی.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: لە ڕێوڕەسم و بۆنە جۆراوجۆرەکاندا، لەوانەش ڕێوڕەسمی ماتەمین، ئاهەنگی هاوسەرگیری، و ڕێوڕەسمی پیرشالیار، خواردنی جۆراوجۆر ئامادە و پێشکەش دەکرێت، کە هەریەکەیان بەشێک لە ناسنامەی کولتووری و کۆمەڵایەتی ئەم ناوچەیە دەگرێتەوە.