میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویانکردووەتەوە، وێنەگرێکی ئاژەڵە کێوییەکان بە هەڵە یەکێک لە کۆنترین و گەورەترین کۆمەڵە ناسراوەکانی شوێنپێی دایناسۆرەکانی دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٢١٠ِ ملیۆن ساڵ لەمەوپێش و بۆ سەردەمی تریاس، ئەو شوێنپێیە لە بەرزاییەکانی پارکێکی نیشتمانی ئیتاڵیا، لە نزیک شوێنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانەی میلانۆ کۆرتینا لە ساڵی ٢٠٢٦ لە شاری بۆرمیۆ دۆزراوەتەوە.

کارناسان و شارەزایان دەڵێن دۆزینەوەکە بەهۆی پێگەی لە نزیک سنووری سویسرا کە سەردەمانێک ناوچەیەکی کەناراوی پێش مێژوویی بووە و ژمارەیەکی زۆری شوێنپێی (20 هەزار شوێنپێ بە درێژایی نزیکەی 5 کیلۆمەتر) جێگەی سەرنجە.

پێدەچێت شوێنپێی دایناسۆرەکان لەلایەن گیاخۆرەکانی دووپێی مل درێژەوە دروستکرابێت کە درێژییەکەی دەگاتە ١٠ مەتر و کێشیان دەگاتە ٤ تۆن. بەشێک لە شوێنپێیەکان پانییان ٤٠ سانتیمەتر بووە و چنگیان دیار بووە.

شوێنپێیەکان دەریانخستووە کە دایناسۆرەکان بە کۆمەڵ گەشتیان کردووە و هەندێکجاریش بە پێکهاتەی بازنەیی وەستاون، لەوانەیە وەک ڕێکارێکی پاراستن.