بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سیامەک ئازادی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بە ئاماژەدان بە گەشەی لە سەدا ٢٥ی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان لە ناوەندی چارەسەری نەزۆکی جیهاد زانستگایی کرماشان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند: "ئەم ناوەندە توانیویەتی بەشێکی بەرچاو لە پێداویستییەکانی پارێزگاکە لە بواری چارەسەری نەزۆکیدا دابین بکات، و لەگەڵ جێبەجێکردنی قۆناغی گەشەپێدان، بازنەی خزمەتگوزارییەکانی زیاتر دەبێت.
ناوبراو زیادی کرد: بەلەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکانی پارێزگاکە و پارێزگاکانی دراوسێ و هەروەها توانای بەرزی کرماشان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بە وڵاتانی دراوسێ، پەرەپێدانی ناوەندی چارەسەری نەزۆکی لە بەرنامەی کاردایە و بەپێی پلانەکانیش وەرگرتنی نەخۆش لە عێراقەوە ساڵی داهاتوو دەست پێدەکات.
سەرۆکی ڕێکخراوی جیهادی زانستگایی کرماشان بە ئاماژە بە کۆتاییهاتنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ دامەزراوە پاڵپشتەکان بۆ کەمکردنەوەی تێچووی چارەسەری هاوسەرە نەزۆکەکان ڕایگەیاند: جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەک "گەشەی ئومێد" بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی بەسیجیان، هەموو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای سوودمەند کردووە لە خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری نەزۆکی.
ئازادی هەروەها جەختی لە ڕۆڵی جیهادی زانستگایی لە پەرەپێدانی ئابووریی زانستی پارێزگاکە کردەوە و وتی: هاوکات لەگەڵ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، هەناردەکردنی بەرهەمە زانستییەکانی کرماشان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دوو هێندە زیادی کردووە و شوێنی مەبەستی ئەو بەرهەمانەش ١١ وڵاتی جیهان بووە کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ پێگەیشتنی کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆژیای ئەو پارێزگایە.
ناوبراو ئاماژەیشی بەوەدا: خستنەڕووی پلاتفۆرمی هەناردەکردنی زانست بنیاتی وڵات بۆ عێراق لە کرماشان کە لە سەردانەکەی جێگری زانستی سەرۆک کۆمار بۆ پارێزگاکە پەسەند کرا، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و تەکنەلۆژی و پزیشکییەکانی پارێزگاکە لەگەڵ بازاڕی عێراقدا.
سەرۆکی ڕێکخراوی جیهادی زانستگایی کرماشان لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: کۆمەڵەی ئەو ڕێوشوێنانە، کرماشانیان خستۆتە سەر ڕێگای بوون بە یەکێک لە جەمسەرەکانی چارەسەر، تەکنۆلۆژیا و ئابووری تەندروستی لە ڕۆژئاوای وڵاتدا.