ئاکسیۆس بە پشت بەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگاداری ئیسرائیل و ئەمریکی ڕاپۆرتی دا کە تەلئەبیب ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای ئاگادار کردۆتەوە کە مەشقی مووشەکی سوپای پاسدارانی پاسدارانی ئێران دەتوانێت ببێتە بەرگێک بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبی ئەلجەدید، سایتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل نیگەرانییەکانی گەیاندووەتە براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم سەبارەت بەو مەشقی مووشەکییەی کە سوپای پاسدارانی ئێران چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، جموجۆڵە مووشەکییەکانی ئەم دواییە و کردەوە ئۆپەراسیۆنییەکانی دیکە دەتوانێت ببێتە بەرگێک بۆ هێرشێکی لەناکاو. زەمیز هەروەها داوای هەماهەنگی قووڵتری ئەمریکا و ئیسرائیلی کرد سەبارەت بە ئامادەکاری بەرگری.

بەگوێرەی ئاکسیۆس، هەواڵگریی ئیسرائیل، شەش هەفتە لەمەوبەر دوای چاودێریکردنی چالاکییە مووشەکییەکانی ئێران، نیگەرانی هاوشێوەی ئەو وڵاتەی خستبووەڕوو. سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی به ئاکسیۆسی ڕاگەیاند که ئەگەری هێرشی ئێران لەسەدا 50 کەمتره ، بەڵام هیچ کەسێک ئاماده نیە مەترسی بخاته ڕوو و بەسادەیی بڵێت ئەوه تەنیا مەشقێکی ڕاهێنانه . لەبەرامبەردا سەرچاوەیەکی ئەمریکی ڕایگەیاند کە هەواڵگریی ئەمریکا لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەک بەدی ناکەن کە بریتی بێت لە  هێرشی ئێران بەمزووانە.

ئاکسیۆس ئاماژەی بەوەدا کە مەترسی گەورە ئەگەری دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێرانە لە ئەنجامی بەهەڵە لێکتێگەیشتنی یەکتر، هەر لایەنێک پێی وایە لایەنەکەی دیکە پلانی هێرشکردنە سەر و هەوڵی پێشخستنی هێرشەکەی دەدات.