بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ڕۆژی یەكشەممە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان بارزانی و تۆم باراك نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا ئەنجام درا.

ڕاشیگەیاندووە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە بە گشتی و دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا. هەردوولا هاوڕا بوون لە پێویستی بەردەوامی گرتنەبەری هەموو هەنگاوێك بۆ ئەوەی ڕێگە لە پشێوی و ئاڵۆزی و شەڕ بگیرێت و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە جێگیر ببێت.

دەشڵێت، هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا هەردوولا دەستخۆشیان لەیەكتری كرد بۆ ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی كە لە بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا گێڕاویانە. هەروەها بارزانی وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ ڕۆڵی ئەمەریكا، جەختی لە بەردەوامیی هاوپەیمانێتی نێوان گەلی كوردستان و ئەمەریكا كردەوە.