بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەلەکردن ڕێگایەکی زۆر گونجاوە بۆ لەشجوانی و تەندرووستی و بەدەستهێنانی چەندین سوودی دیکە. مەلەکردن کەمترین کاریگەری لاوەکی هەیە و دەتوانرێت ڕێگایەکی باش بێت بۆ بەدەستهێنانی ئارامی و هەست کردن بە باشی.

مەلەکردن ڕێگایەکی باشە بۆ چالاکی تەواوی جەستە و تەندرووستی دڵ. یەک کاتژمێر مەلەکردن هێندەی ڕاکردن کالۆری دەسووتێنێت، بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئێسک و جومگەکانت هەبێت. مەلەکردن یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێکخستنی چالاکیەکانی کۆئەندامی دەمار.

لە کاتی مەلەکردندا، بەرهەمهێنانی ئەندۆرفین لە لەشدا زیاد دەبێت. ئەندۆرفین کە بە هۆرمۆنی دڵخۆشی ناسراوە، دەتوانێت هەستی ئەرێنی بەهێز بکات و یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ. ئەم هۆرمۆنە یارمەتی جەستە دەدات تا ئارام بێتەوە و ڕێگە بە مرۆڤ دەدات هەست بە خۆشی زیاتر بکات.

هەروەها مەلەکردن بەرهەمهێنانی سیرۆتۆنین و دۆپامین زیاد دەکات کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە باشترکردنی مەزاج و دروستکردنی هەستی ڕازیبوون. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ئاستی ئەم ماددانە لە مێشکدا پاش مەلەکردن بەرز دەبێتەوە و دەبێتە هۆی هەست کردن بە ئارامی و دڵخۆشی./.