تاکەر کارلسۆن، شرۆڤەکاری ناسراوی ئەمریکی، ڕایگەیاندووە کە تەنانەت ململانێیەکی سەربازی کورت بەڵام توند لەگەڵ ئێران دەتوانێت ئەمریکا لە ئامادەیی بۆ "جەنگی ڕاستەقینە" بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵ بێبەش بکات.

ماڵپەڕی RIA Novosti بڵاویکردەوە، کارلسۆن لە ئەڵقەیەکی نوێی پۆدکاستەکەیدا کە ڕۆژی پێنجشەممە پەخشکرا، وتی: خەمڵاندنەکانی ئێستا دەریدەخەن کە ئەمریکا ڕووبەڕووی کەمیی بەرچاوی بڕێک تەقەمەنی بووەتەوە، بەجۆرێک ئەگەر تەنانەت ململانێیەکی کورت بەڵام توندمان لەگەڵ ئێران هەبێت، ئەوا سوپای ئێمە بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵ ئامادە نابێت بۆ شەڕێکی ڕاستەقینە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە زیادی کرد: ئەمریکا ڕووبەڕووی کەمیی هەندێک جۆر تەقەمەنی بووەتەوە کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانیان لە ١٢ مانگی ڕابردوودا، لەوانەش لە چوارچێوەی پشتیوانی بەرگرییانەی ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی سەپێنراوی ڕژیم زایۆنی لە دژی ئێران.

کارلسۆن ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە هۆکارەکانی وریایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا قەبارەی ئێرانە، ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی دانیشتوانی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو زیاترە لە عێراق لە کاتی شەڕی ساڵی ٢٠٠٣ لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕۆژئاوای ئاسیا.

کارلسۆن وتی: "ژمارەی دانیشتوانی ئێران نزیکەی 92 ملیۆن کەسە. لە ساڵی 2003، نزیکەی 23 ساڵ لەمەوبەر - کاتێک چووینە ناو بەغدا - ژمارەی دانیشتوانی عێراق 25 ملیۆن کەس بوو. ئێران چەندین هێندەی عێراقە."

ئەو کەسایەتییە ناودارەی میدیا، بە ئاماژەدان بەوەی کە ئێران وڵاتێکی گەورە و پێشکەوتووە، ئەو پرسیارەی وروژاند کە ئایا سوپای ئەمریکا ئامادەیە بۆ ململانێیەکی درێژخایەن بەو قەبارەیە؟

تاران و واشنتۆن دانوستان دەکەن و عومان وەک ناوبژیوانێک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر چۆنیەتی سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا.

لەلایەکی دیکەوە، پەرەسەندنی بوونی سەربازی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئاسیا و نزیک ئێران و هەروەها قسە شەڕانگێزەکانی ترەمپ کە هەڕەشەی کردەی سەربازی لە دژی ئێران دەکات ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی زیاتر کردووە.

ئاماژەی کارلسۆن بۆ شەڕێکی سنووردار لەگەڵ ئێران دوای ئەوە دێت کە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ڕایگەیاند کە نازانێت سەرۆکی ئەمریکا چی بڕیار لەسەر ئێران دەدات.

ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو بژاردانەی لەبەردەستدان بریتین لە کرداری سەربازی بۆ "دڵنیابوون لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت" و چارەسەرکردنی ئەو پرسە لە ڕێگەی میتۆدی "دیپلۆماسی"ەوە.

سەبارەت بە هەندێک شیکاری میدیایی سەبارەت بە ئەگەری ململانێیەکی درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڤانس وتی: ئێمە ناچین بۆ ساڵانێک لە شەڕێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بین و هیچ ئاسۆیەکی کۆتایی هاتنی ململانێکان نەبێت - ئەوە مومکین نییە.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا خۆی بە "ڕەخنەگرێک لە دەستێوەردانەکانی سەربازی دەرەکی" دەزانێت - وەسفێک کە پێی وایە هێشتا ترەمپ دەگرێتەوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێموایە هەموومان بژاردەی دیپلۆماسیمان پێ باشترە، بەڵام بەڕاستی پەیوەستە بەوەی ئێرانییەکان چی دەکەن و چی دەڵێن.

بەڵام بەرپرسانی ئێران هۆشدارییان داوە کە بەرگری ئێران لە بەرامبەر هەر سەرکێشییەکی سەربازی یەکلاکەرەوە و هەمەلایەنە و ناوچەیی دەبێت.