لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هاتووە: فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوایین پێشهاتەکانی ئەو دانوستاندنەیان تاوتوێ کرد کە لە جنێڤ بەڕێوەچوو.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: عێراقچی لە کاتی پەیوەندییەکەدا، کۆی پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە بەڕێوەچوونی گفتوگۆکانی خستەڕوو و ناوەڕۆکی ئەو گفتوگۆیانەی ئەنجامدراون و هەنگاوەکانی داهاتووی ڕوونکردەوە، جگە لەو کاتە پێشبینیکراوانەی بۆ کۆبوونەوەی لیژنە تەکنیکییەکان و لیژنەی دانوستاندن دیاریکراون.
لە لایەن خۆیەوە، فوئاد حوسێن سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئاگادارکردنەوەی لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکان، و ستایشی ئەو پێشکەوتنەی کرد کە گفتوگۆکانی جنێڤ بەدەستیان هێناوە، و جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی دیالۆگ وەک باشترین ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەردوولا جەختیان کردەوە کە دانوستاندن گونجاوترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، و دووپاتیان کردەوە کە پێویستە ناوچەکە لە مەترسییەکانی پەرەسەندن و جەنگ دوور بخرێتەوە، و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی بپارێزرێت."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و ڕاوێژکردن لە ماوەی هەستیاری داهاتوودا.