بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەحمود عەباسزادە لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە " لایەنی بەرامبەری ئێمە لەم شەڕەدا خراپترین، شەڕانگێزترین و منداڵکوژترین دیاردەی مێژووە، واتە ڕژێمی زایۆنیستی، کە هەموو زلهێزەکانی ڕۆژئاوا پاڵپشتی دەکەن".
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی کە ئەم هێرشەی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، بە تیرۆرکردنی فەرماندە سەربازییەکان و زانایانی ئەتۆمی شەڕەکەی دەستپێکرد. ئامانجیشی پەکخستنی توانا مووشەکییەکانی ئێران و بێبەشکردنی ئێمە بوو لە دەستکەوتە ئەتۆمییەکانمان و دواجاریش بە هێنانی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان داڕمان و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵات بێتە ئاراوە، بەڵام دوای 12 ڕۆژ توانیمان ئاگربەست بە سەر ئەو ڕژێمەدا بسەپێنین.
عەباسزادە ڕوونیکردەوە: گەورەترین دەستکەوتی ئێمە لەم شەڕەدا ئەوە بوو کە پێشنیاری ئاگربەستیان کرد و بەسەریاندا سەپێندرا و نەیانتوانی بە ئامانجەکانیان بگەن، لە ڕاستیدا پێشنیاری ئاگربەستیان کرد بۆ ئەوەی هەناسەیان بگرن و لە بوونیان نەوەستن و نەگەنە قۆناغی داڕمان.
ئەم ئەندامەی پێشووی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران هەروەها ڕایگەیاند: بە درێژایی مێژوو ڕژێمی زایۆنیستی لە هیچ کام لە شەڕەکاندا چ لە غەززە و لوبنان یان لە گەڵ حەماس پابەند نەبووە بە ئاگربەست و کاتێک ماندوێتییەکەی کەم بووەتەوە دیسان پێشێلی کردووە. پێویستە گرنگی بەو ڕاستییە بدەین کە ئێمە مامەڵە لە گەڵ دیاردەیەکی وادا دەکەین.
ناوبراو زیادی کرد: ئێمە لەبەردەم هەموو دەسەڵاتی ناتۆ و ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستیداین و گەورەترین سەرمایەی ئێمە خۆڕاگری کۆمەڵایەتییە. بە جۆرێک براوەی کۆتایی ئەم ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە مێژووییە ئەو لایەنە دەبێت کە خۆڕاگری کۆمەڵایەتی زیاتری هەیە. بینیتان ترەمپ کورتە نامەیەکی سکرتێری گشتی ناتۆی بڵاوکردەوە، کە هانی دەدا ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران و لە کاتی ئەو هێرشانەدا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بکاتە ئامانج.
نتانیاهۆ زیاتر پشتی بە شەڕی دەروونی بەستبوو
ئەم شارەزایەی کاروباری نێودەوڵەتی هەروەها ڕایگەیاند: نتانیاهۆ زیاتر حسێبی شەڕی دەروونی دەکرد نەک هێزی ئاسمانی خۆی و زۆربەی دەسەڵاتی خۆی خستە ناو شەڕی دەروونییەوە. ئامانجی ئەو لێدان بوو لە توانای کۆمەڵایەتی گەلەکەمان کە خۆشبەختانە گەل سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لە ڕاستیدا ئەو خۆڕاگرییە کۆمەڵایەتییەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا تا ڕادەیەک زیانی پێگەیشتبوو، لە ڕێگەی تێڕوانین و وریایی خەڵکەوە گەڕێندرایەوە و خۆڕاگری مێژووییان پیشاندا.
عەباسزادە ئاماژەی بەوەدا کە گەورەترین و گرنگترین پێکهاتەی ئێمە خۆڕاگری کۆمەڵایەتی و یەکگرتوویی و بوونی نەتەوەیە کە خۆشبەختانە لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا تا ئەوپەڕی ڕادەی پیشاندرا. لەم قۆناغەدا ئەو یەکگرتووییەی کە لە وڵاتدا درووست بوو، هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە دەستکەوتی ئەتۆمی ئێران بە تەواوی خۆماڵییە و وتی: ئێمە لیبیا نین، چەند کیلۆیەک یۆرانیۆم لە وڵاتێکی تر بکڕین. دەستکەوتی ئەتۆمی و زانستمان لەم بوارەدا خۆماڵی و لە نێو گەنجان و ئەکادیمیستەکاندا بوونیان هەیە، کاتێک ڕۆژئاوا نەیویست ئەو زانستەمان فێر بکات، گەنجانی ئێرانی ئیسلامی بە زانستی ڕەسەن و خۆماڵی بەدەستیان هێنا و ئەمەش ناتوانێت لەدەست بچێت. زانست و تەکنۆلۆژیامان لەناو ناچێت.
ئێران لەم ١٢ ڕۆژەدا ڕووبەڕووی شەڕێکی جیهانی بووەوە
ئەم ئەندامەی پێشووی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران هەروەها وتی: ئەم شەڕە تازە دەستی پێکردووە و لایەنی ئێمە کەسێکە کە بە درێژایی مێژوو بەردەوام هێرشی کردووە. ڕژێمی زایۆنیستی تازە دەستیان بەم شەڕە کردووە و درێژەی پێدەدات، بەڵام ئەم شەڕە وڵات و گەلەکەمان دەکاتە دیاردەیەکی پێشکەوتوو و خۆڕاگر و ئاوەدان و دەوڵەمەند. شارستانیەتی ئێمە چەند هەزار ساڵە و مێژوو و ڕەگ و ڕیشەی هەیە و بە یارمەتی خودا نەک هەر بەو بەڵا و گەردەلوولانە هیچ شتێکی تایبەت ڕوونادات، بەڵکوو بەهێزتر و ڕەگ و ڕیشەی زیاتریش دەبێت.
عەباسزادە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە لەمەودوا کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەکتەرێکی ناوچەییەوە دەگۆڕێت بۆ ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی و ڕایگەیاند: لەم ١٢ ڕۆژەدا ئێران ڕووبەڕووی شەڕێکی جیهانی بووەوە، واتە لە گەڵ ٢٣ وڵاتدا شەڕی کردووە، لەوانە وڵاتانی چالاک و زلهێز لە جیهاندا. ئێران ڕووبەڕووی ئەو کەسانە بووەوە کە چەکی ئەتۆمییان هەیە و ئەمریکاش زۆرترین کڵاوەی ئەتۆمی لە جیهاندا هەیە. من باوەڕم وایە ئەم شەڕە کۆتایی نەهاتووە، تازە دەستی پێکردووە، دەبێت وریا بین. ئەم ١٢ ڕۆژە ئۆپەراسیۆن نەبوون، شەڕی تەواو بوو و گرنگترین بەشیان دەروونناسی و میدیایی بوو.
ئەم شارەزایەی کاروباری نێودەوڵەتی لە کۆتاییدا وەبیریهێنایەوە کە دەبێت چاو و گوێمان کراوە بێت بەرامبەر ئەوەی ڕوویدا./.